تەندروستی

"ساڵانە هەولێر بۆ کەرتی تەندروستی پێویستی بە ١٦٠ ملیار دینار هەیە"

"ئەگەر سەیری نەخۆشخانەی منداڵان بکەین دەبینین سەدا ٦٠ی نەخۆشەکان، ئاوارەکانن، هەروەها ئەگەر سەیری نەخۆشخانەی نانەکەلی بکەین کە تایبەتە بە شێرپەنجە ئەوا سەدا ٥٠ی نەخۆشەکان، ئاوارەکانن، ئەوانەی شوشتنی گورچیلەیان کردووە سەدا ٧٠یان لە ئاوارەکانن".

Hemin Hüseyin  | 29.12.2017 - نوێکردنەوە : 31.12.2017
"ساڵانە هەولێر بۆ کەرتی تەندروستی پێویستی بە ١٦٠ ملیار دینار هەیە"

Arbil

هەولێر-AA

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، دکتۆر سامان بەرزنجی رایگەیاند "بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان ساڵانە پێویستیمان بە ١٦٠ ملیار دینار هەیە و لە ئێسادا ناردنی دەرمان لە لایەن بەغداوە وەستاوە".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، دکتۆر سامان بەرزنجی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە پێی بوودجەی حاکیمە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی بەغدا ساڵانە دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام ماوەی سێ مانگە هەموو شایستە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستانی راگرتووە بە پاساوی نەبوونی رێگا و ناتەواوی بارودۆخی ئەمنی".

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: "ساڵانە پێویستمان بە ١٦٠ ملیار دیناری عێراقی هەیە بۆ کەرتی تەندروستی، بۆ ئەوەی بتوانین دەرمان و پێداویستی پزیشکی دابین بکەین، ساڵی رابردوو وەزیری تەندروستی عێراق سەردانی ھەولێری کرد و ژمارەیەک پڕۆژەمان رادەستکرد، منیش لیستێکم پێیدا کە پێداویستییەکانی ھەرێمی کوردستانی لە خۆگرتبوو، ئەویش بەڵێنی دا کە پێداویستییەکانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تا ئێستا بەڵێنەکە جێبەجێ نەکراوە و ھیوادارین کە حکوومەتی عێراق لە خەمی کەرتی تەندروستی ھەرێمی کوردستاندا بێت و ساڵی ٢٠١٨ لەمساڵەی ئێستا باشتر بێت و ھاوکات داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکەین بە تایبەت تورکیا کە بتوانن لەم رووەوە ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکەن بە ناردنی دەرمان و پێداویستییەکانی پزیشکی".

دکتۆر سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشکرد کە جگە لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ئەوا ژمارەیەکی زۆریش لە ئاوارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کە بە شێوەیەکی کاتی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن یان دانیشتووی کەمپەکانن و ئەوانیش لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەری پێویست وەردەگرن، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق ئەو رەوشە لەبەرچاو بگرێت.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر گوتیشی: "ئەگەر سەیری نەخۆشخانەی منداڵان بکەین دەبینین سەدا ٦٠ی نەخۆشەکان، ئاوارەکانن، هەروەها ئەگەر سەیری نەخۆشخانەی نانەکەلی بکەین کە تایبەتە بە شێرپەنجە ئەوا سەدا ٥٠ی نەخۆشەکان، ئاوارەکانن، ئەوانەی شوشتنی گورچیلەیان کردووە سەدا ٧٠یان لە ئاوارەکانن. لە سەنتەری دڵ بە هەمان شێوە، جگە لەوەش ئەوا نزیکەی ٢٦ کەمپ کە ئاوارەی تێدایە پێداویستی تەندروستی و خزمەتگوزاری وەردەگرن. لە لایەکی دیکەشەوە قەیرانی دارایی و ئەو بارودۆخەش بووەتە هۆکار کە دەرمان و پێداویستی کەمە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن