سياسەت

"ئەمریکا لە ناوچە سوننە نشینەکانى عێراق چاودێرى هەڵبژاردنەکان دەکات"

- گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى نەینەوا، موزاحم ئەحمەد حوێت: "وەک هۆزەکانی عەرەبی سوننەی نەینەوا داوامان لە ئەمریکا کردووە لە ناوچە سوننە نشینەکانى عێراق و تەواوى ناوچە جێناکۆکەکان سەرپەرشتى و چاودێرى هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق بکات".

Azad Mohammed Abdullah  | 18.02.2018 - نوێکردنەوە : 19.02.2018
"ئەمریکا لە ناوچە سوننە نشینەکانى عێراق چاودێرى هەڵبژاردنەکان دەکات"

Dahuk

دهۆک - AA

گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى نەینەوا، موزاحم ئەحمەد حوێت رایگەیاند "ئەمریکا رەزامەندى دەربڕێوە هێزى سەربازى و چەندین شارەزا و چاودێرانی خۆى بۆ سەرپەرشتى کردنى هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق رەوانەى ناوچە سوننە نشینەکان و ناوچە جێناکۆکەکان بکات".

موزاحم ئەحمەد حوێت لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئێمە وەکو ٢٨ هۆزى عەرەبى سوننە لە پارێزگاى نەینەوا داوامان لە ئەمریکا کردووە کە چاودێری و سەرپەرشتى هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق بکات لە ناوچە سوننە نشینەکان و ناوچە کێشە لەسەرەکان، لەبەرئەوەى دانیشتووانى تەواوى ئەو ناوچانە لە پێکهاتەى سوننەن و گرووپە چەکدارەکانى شیعە وەک حەشدى شەعبى و عەسائیبى ئەهلى حەق تێیدا دەسەڵاتدارن، بۆیە ئەگەر چاودێرى نێودەوڵەتى نەبێت، پڕۆسەى هەڵبژاردن لە پڕۆسەیەکى دیموکراسى دەبێتە پڕۆسەیەکى دیکتاتۆرى و رێگە نادرێت هاووڵاتییان بە ئازادى دەنگ خۆیان بدەن".

موزاحم حوێت گوتیشى: "ئێمە داوامان لە ئەمریکا کردووە کار بکات بۆ دەرکردنى حەشدى شەعبى و ئەو گرووپانەى سەربە حەشدى شەعبین لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، بۆ ئەوەی هیچ پێکدادان و شەڕێکى تاییفى و مەزهەبى لە سنوورەکە روونەدات، داواشمان کردووە لە شوێنى حەشدى شەعبى هێزەکانى پێشمەرگە بگەڕێنەوە ناوچە جێناکۆکەکان، چونکە زۆرینەى دانیشتووانى ناوچە جێناکۆکەکان کوردى سوننەن و لە ئەگەرى مانەوەى حەشدى شەعبى و بەردەوام دەستوەردان لەکاروبارى هاووڵاتییان رەنگە دواجار شەڕ و پێکدادان لە نێوان حەشدى شەعبى و هاووڵاتییانى ناوچەکە بێتە ئاراوە".

گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى نەینەوا، موزاحم ئەحمەد حوێت ئاشکراى دەکات کە ئەمریکا رەزامەندى دەربڕیوە هێز رەوانەى ناوچە سوننە نشینەکان و ناوچە جێناکۆکەکان بکات، سەبارەت بە گەڕانەوەى پێشمەرگەش بۆ ناوچە جێناکۆکەکان سەرگەرمى دیراسەکردنن و بەڵێنیان بە ئێمە داوە کە ئەو داواکارییەش جێبەجێ بکەن. هێزەکانى ئەمریکا لە پارێزگاى نەینەوا، ئەنبار، دیالە، سەڵاحەددین و کەرکووک و تەواوى ناوچە جێناکۆکەکانى بڵاوەیان پێدەکرێت.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın