سياسەت

بۆ راگرتنی دەستوەردانەكانی ئێران داوای یەك هەڵوێستی دەکرێت

- بەرپرسانی عەرەب داوای یەك هەڵوێستی دەكەن بۆ راگرتنی دەستوەردانەكانی ئێران لە ناوچەكە.

Zana Natık Kerem  | 20.11.2017 - نوێکردنەوە : 23.11.2017
بۆ راگرتنی دەستوەردانەكانی ئێران داوای یەك هەڵوێستی دەکرێت

Al Qahirah

قاهیرە ــ AA

جارێكی دیكە بەرپرسانی عەرەب، ئێرانیان بە پشتیوانیكردنی حووسییەكان لە یەمەن تۆمەتبار كرد و داوایی یەك هەڵوێستی عەرەبیان كرد بۆ راگرتنی دەستوەردانەكانی ئێران لە ناوچەكە.

لە میانی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەندام لە كۆمكاری عەرەبی كە ئێوارەی دوێنێ‌ یەكشەممە بەپەلە لەسەر داوای سعوودیە لە بارەگای كۆمكاری عەرەبی لە قاهیرە بە مەبەستی تاوتوێ‌كردنی دەستوەردانەكانی ئێران لە ناوچەكە بەڕێوەچوو، ئەمینداری گشتی كۆمكاری و عەرەبی و ژمارەیەك لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب گوتەیان پێشكەش كرد.

ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبوغێت گوتی: "لەو كاتەی شەڕو پێكدادان لە یەمەن سەری هەڵداوە تا ئێستا، ٣٣٢ مووشەكی بالیستی لە لایەن حووسییەكانەوە ئاراستەكراون".

ئەحمەد ئەبوغێت گوتیشی: "سەرچاوەی ئەو مووشەكانە یەك لایەنە ئەویش ئێرانە كە پشتیوانی بەرچاو پێشكەشی میلیشیاكانی ناو وڵاتانی عەرەبی دەكات".

هەر لەمبارەیەوە ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی، ئێرانی بە سەرپێچیكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەست بە مووشەكی بالیستی و پڕچەكنەكردنی میلیشیاكان تۆمەتبار كرد و رایگەیاند، مووشەكە دروستكراوەكانی ئێران كە شاری ریازی پایتەختی سعوودیە دەكەنە ئامانج هەروەك پێشتر لەم مانگەدا روویدا، پەیامێكی روونی دوژمنكارانەی ئێرانە و جەختی كردەوە كە گرنگە ناوچەكە لە دیاردەی توندوتیژی و تایفی رزگار بكرێت كار لەسەر گۆڕینی پەیڕەوەكانی ئێران بە ئاراستەی نیشتمانی عەرەبی بكرێت.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر گوتی: "مووشەكەكانی ئێران رێز لە پیرۆزەكانی ئیسلام لە مەككە ناگرن".

لە گوتەكەیدا عادل جوبەیر ئاماژەی بەوە داوە كە ناوچەكە رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە بە هۆی دەستوەردانەكانی ئێران و دوژمنكاری دژ بە سعوودیە.

وەزیری دەرەوەی سعوودیە جەختی كردەوە كە وڵاتەكەی لە بەرامبەر دوژمنكارییەكەی ئێران دەستە وەستان نابێت و دەبێت وڵاتانی عەرەبی بەرپرسیاریەتی نەتەوەییان لە بەرامبەر ئەو پرسە لە ئەستۆ بگرن.

هاوكات وەزیری دەرەوەی جیبۆتی، مەحمود عەلی یوسف داوای لە ئێران كرد كە واز لە دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی عەرەبی بهێنێت و گوتی: "پێویستە چارەسەرێكی بەپەلە بۆ دەستوەردانەكانی ئێران بدۆزرێتەوە كە بەم دواییانە بە شێوەیەكی بەرچاو پەرەی سەندووە".

مەحمود عەلی یوسف ئاماژەی بەوەدا ئەوەی بەم دواییانە شاری ریازی پایتەختی سعوودیە لە ئاراستەكردنی مووشەكی بالیستی رووبەڕووی بووە، كارێكی دوژمنكارانەی میلیشیا حووسییەكانە و ئەوەی بەحرێن لە تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوت رووبەڕووی بووە، پێشهاتێكی مەترسیدارە كە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە و هەموو جیهان.

وەزیری دەرەوەی جیبۆتی داوای لە ئەنجوومەنی وەزاری عەرەبی كرد بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و هەڵوێستی عەرەبی بە كۆدەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوە و پاراستنی ئاسایشی عەرەبی و ئاسایشی نەتەوەیی گەلانی عەرەبیدا بگرێتەبەر.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی میسر، سامح شوكری رایگەیاند كە دەستوەردان لە ئاسایشی وڵاتانی كەنداو هێڵێكی سوورە و جەختی كردەوە كە وڵاتەكەی سوورە لە پشتیوانیكردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.

سامح شوكری گوتی: "لەسەر ئێران پێویستە رێز لە سەروەری وڵاتانی عەرەبی بگرێت و واز لە دەستیوەردان لە كاروباری وڵاتانی عەرەبی بهێنێت و هەوڵ بدات پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری ئەو وڵاتانە دروست بكات".

وەزیری دەرەوەی میسر دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك بوونی بیانی لەسەر هەر خاكێكی عەرەبی رەت دەكاتەوە چی لە میانی هەوڵدان بۆ دامەزراندنی بنكەی سەربازی یان پشتبەستن بە میلیشیاكانی ناوخۆیی لە دەرەوەی یاسا كە وەڵامی بۆ دەرەوە هەبێت یان پشتیوانیكردن لە رێكخراوە تیرۆریستییەكان.

سامح شوكری گوتیشی: "بنەمای دراوسێیەتی باش و دامەزراندنی پەیوەندیی هاوكاری لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێی لە نێویاندا ئێران، كارێكی پێویستە بەڵام ئەوەش مەرجی هەیە لەوانە راگرتنی پشتیوانیكردنی میلیشیاكانی دەرەوەی یاسا و رێكخراوە تیرۆریستییەكان یان رەوتێكی تایفی".

هەر لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی بەحرێن، خالید بن ئەحمەد ئالخەلیفە داوای لە لوبنان كرد بەرپرسیاریەتی تەواو لەو كردەوانەی لە ئەستۆ بگرێت كە حزبوڵڵا لە دوژمنكاری لە وڵاتانی دراوسێ لە عێراق، سووریا، یەمەن و بەحرێن ئەنجامی دەدات.

خالید بن ئەحمەد ئالخەلیفە گوتی: "هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی لە ئارادایە".

وەزیری دەرەوەی بەحرێن گوتیشی: "ئێران دەست لە ناوچەكە وەردەدات لەوانە بوونی حزبوڵڵای تیرۆریست لە سووریا و عێراق".

خالید بن ئەحمەد ئالخەلیفە دووپاتی كردەوە كە لە ئێستادا، وڵاتانی عەرەبی رووبەڕووی مەترسی كردەوەكانی ئێران بوونەتەوە كە ئەمەش وڵاتانی ئەندام لە كۆمكاری عەرەبی دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەوە لە بارەی چۆنیەتی پتەوتركردنی ئاسایشی نەتەوەیی بە تایبەتیش كە ئێران لە میانی باڵەكانی لە ناوچەكە هەڕەشەكانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە جێبەجێ دەكات.

دوێنێ‌ یەكشەممە لەسەر داوای سعوودیە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر دەستوەردانەكانی ئێران لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە لە بارەگای كۆمكاری عەرەبی لە قاهیرە كۆبوونەوە و تیایدا بڕیاریاندا كە دۆسیەی پەیوەست بە دەستوەردانەكانی ئێران لە ناوچەكە رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان بكەن و ئەو كەناڵە ئاسمانییانەی لە لایەن ''ئێرانەوە پشتیوانیی دارایی دەكرێن'' قەدەغە بكرێن.

لە ١٢ی ئەم مانگە سعوودیە داوای بەستنی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی كرد بە ئامانجی تاوتوێكردنی دەستوەردانەكانی ئێران لە كاروباری وڵاتانی عەرەبی.





بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın