Zana Natık Kerem
27 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
کەتائیب حزبوڵڵا سەربە حەشدی شەعبی، ھەڕەشە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دەکات لەوەی ئارامی و ئۆقرەیی ھێزەکانیان تاقی نەکاتەوە.
عەسائیب ئەھل ئەلحەق و کەتائیب حزبوڵڵا دوو گرووپی سەربە حەشدی شەعبیبن و پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ ئێراندا ھەیە.
لەمبارەیەوە بەرپرسی ئەمنی کەتائیب حزبوڵڵا، ئەبو عەلی عەسکەری لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر وەک ئاماژەیەک بۆ (ئەمریکا) نووسیوویەتی "ئەمڕۆ ناوچەکە دەکوڵێت، ئەگەری ھەیە شەڕێکی گشتگیر سەرھەڵبدات کە ئەوەیش پێویستی بەوەیە، دان بەخۆدا بگرین بۆ ئەوەی دووژمن ھەلەکەی لە دەست بدات و نەبینە لایەنی دەستپێشخەر".
عەلی عەسکەری راشیگەیاندووە "رەنگە چالاکییی بۆردومانکردن لە رۆژانی رابردوودا تەنها لە بەرژەوەندیی سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ-ی دووژمنمان بووبیت و پێویستە ئەوە دووبارە نەبێتەوە".
ئەوەشی نووسیووە "ھاوپەیمانێتیمان لەگەڵ برایانی ئۆپۆزسیۆن چی ناوخۆیی یان دەرەکیی، ھاوپەیمانی پتەوە، ئەوەی ئازاریان پێ بگەیێنێت ئازارمان پێ دەگەیێنێت و ئێمە بەوەوە پابەندین کە بەرگرییان لێ بکەین".
بەرپرسی ئەمنیی کەتائیب حزبوڵڵا، عەلی عەسکەری ھەڕەشەی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کردووە لەوەی ئارامی و ئۆقرەیی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن تاقی نەکاتەوە و نووسیوویەتی "نە ئیتڵاعاتی ئێران و نە (CIA)ی ئەمریکا و موزایەدەکارانی بەرژەوەندیی نیشتمان نایپارێزن".
رۆژی ھەینی رابردوو دوای ئەوەی فەرماندەیەکی عەسائیب ئەھل ئەلحەق سەربە حەشدی شەعبی بەناوی، حوسام ئەزیرجاوی لەگەڵ ژمارەیەک لە یاریدەدەرانی لە رۆژھەڵاتی بەغدا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بەتۆمەتی تێوەگلان لە ئاراستەکردنی مووشەکی کاتیۆشا بۆسەر ناوچەی سەوز دەستگیرکران، رەوشی شاری بەغدا گرژ و ئاڵۆزبوو.
دوێنێ شەممە ئاژانسی ھەواڵگریی و دژەتیرۆر نووسراوێکی بڵاوکردبوویەوە و رایگەیاندبوو، ئەو فەرماندەیەی عەسائیب ئەھل ئەلحەق کە بەتۆمەتی تێوەگلان لە ھێرشکردنە سەر ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا دەستگیرکرابوو، رادەستی ئاسایشی حەشدی شەعبی کراوە.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیکردبوویەوە کە ئەو فەرماندەیەی عەسائیب ئەھل ئەلحەق-ی ئازادکردبێت و لەلای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ھەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر پێویست بکات، ئەوا ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەکلاییکەرەوە.