جيهان

پرسی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

پیرە: "بیرۆکەیەک هەیە دەڵیت 'کۆنگرەکە پێکبێت لە دەستەیەک کە سەرکردایەتی یەکێتی بکات، واتا کەسێک ببێتە سەرۆکی یەکێتیی، پاشان بەشەکانی پەیوەندییەکان، رێکخستن، کارگێری، دارایی، میدیا، راگەیاندن، پێگەیاندنی کادر و هەڵبژاردن سکرتێریان هەبێت' ".

Hemin Hüseyin  | 21.02.2018 - نوێکردنەوە : 22.02.2018
پرسی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

Arbil

هەولێر - AA

گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، تیشک دەخاتە سەر رووداوەکان و هۆکارەکانی بەردەم سازنەکردنی کۆنگرە و کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەو حزبە. ئاشکرایشی دەکات کە بەر لە نەخۆشکەوتنی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مام جەلال رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ ئامادەکرابوو، هاوکات باس لە پێشنیازەکانیش دەکات کە بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی یەکێتیی دەخرێنەڕوو.

ماوەی هەشت ساڵە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی نەبەستووە، چەند جارێکیش هەوڵی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی ئەو حزبە دراوە، بەڵام تا ئێستا، بەربەستەکان لەبەردەم بەستنی کۆنگرە ماونەتەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەش کۆمەڵێک هۆکار دەخاتەڕوو کە کۆسپن لە بەردەم بەستنی کۆنگرەی چوارەم، گرنگترینییان شەڕی داعش و نەخۆشکەوتن و دواتر کۆچی دوایی سکرتێری گشتیی.

سەبارەت بە تەوەری کۆنگرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد گوتی: "لە راستیدا کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەمێکە نەگیراوە، پێش هەشت ساڵ کۆنگرەی سێیەم گیرا، بۆ ئەمەش کۆمەڵێک هۆکار هەبوون، وەکو دروستبوونی شەڕی داعش و نەخۆشکەوتن و دواتر کۆچی دواییکردنی جەنابی مام جەلال، و بارودۆخی عێراق و قەیرانی دارایی هەموو ئەوانە هۆکارن لەسەر دواخستنی کۆنگرە".

سەعدی پیرە گوتیشی: "دوای تەواوبوونی شەڕی داعش، کاتی ئەوە هاتووە کە کۆنگرە بگیرێت و دەنگی داواکاری بۆ کۆنگرە لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتی بەرزدەبێتەوە. ئێمە لە کاتێکدا ئەو کۆنگرەیە دەگرین کە رووداوی زۆر گەورە روویانداوە، لەوانە کۆچی دوایی جەنابی مام جەلال، جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆران، هەبوونی لیستی دکتۆر بەرهەم، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و گۆڕانکارییەکان، بابەتی ریفراندۆم و کاردنەوەی هەرێمایەتی، ئەوانە کۆمەڵێک گۆڕانکارین، جگە لەوەش کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبوومان هەیە لەناو یەكیتی، رەنگە بە کۆنگرەیەک و دوو کۆنگرە چارەسەر نەبێت، بەڵام کۆنگرە دەستپێکە بۆ دۆزینەوەی رێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە داهاتوودا".

بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێش سێ ساڵ ئامادەکاریی بۆ کۆنگرە کرابوو، لیژنەیەکیش بۆ ئەم مەبەستە پێکهاتبوو، بەڵام ئێستا مشتومڕ لەسەر رۆژی ئەنجامدانی کۆنگرەکە هەیە بە هۆی ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و لەمباریەوە سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "لە کاتی نەخۆشکەوتنی جەنابی مام جەلال، ئامادەکارییەکامان تەواو کردبوو، لێژنەیەکمان هەیە بۆ ئامادەکاری و ئەدەبییاتی کۆنگرە لە هەموو بابەتەکانی وەکو، میدیا، ئابووری، فەرهەنگی و پەیوەندییەکان، جاریکی دیکە چاومان پیایدا خشاندووەتەوە، ئێستا لە رووی هونەرییەوە هەموو شتێک ئامادەیە، ئەوەی کە ماوەتەوە بابەتی دەستنیشانکردنی کۆنگرە، رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ و دەستنیشانکردنی رۆژی کۆنگرەیە کە ئایا ئەو کۆنگرەیە کاتەکەی گونجاوە یان نا، چونکە هەڵبژاردنی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، دەبێت کۆنگرە بکرێتە کەرنەڤاڵێک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و پێویستە یەکێتیی بەیەکڕیزی بچێتە ناو کۆنگرە و بەهێزێکی قوڕسەوە دەرچێت".

سەبارەت بە چۆنیەتی و شێوازی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە داهاتوودا، سەعدی پیرە گوتی: "هەندێک بابەت هەیە هەڵگیراوە و لەوێ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەویش هەیکەلی یەکێتییە، بیرۆکەیەک هەیە دەڵیت 'کۆنگرەکە پێکبێت کە دەستەیەک کە سەرکردایەتی یەکێتی بکات، واتا کەسێک ببێتە سەرۆکی یەکێتیی، پاشان بابەتی پەیوەندییەکان، رێکخستن، کارگێری، دارایی، میدیا، راگەیاندن، پێگەیاندنی کادر و هەڵبژاردن سکرتێریان هەبێت'، بەڵام تا ئەنجامدانی کۆنگرە ئەوانە تەنها پێشنیازن و لەوێ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".

رۆژی ١٥/٢/٢٠١٨ بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە کۆبووەوە و پێشنیازکرا کە رۆژی ٥/٣/٢٠١٨ چوارەمین کۆنگرەی ئەو حزبە ببەسرێت و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریداوە لە میانی هەفتەیەکدا دوا بڕیار لەسەر رۆژی بەستنی کۆنگرە بدرێت.

یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە دووەم هێزی دەسەڵات لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێ و خاوەن سێیەم گەورەترین فڕاکسیۆنە لە پەرلەمانی کوردستان بە ١٨ کورسیی دوای هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن