سياسەت

قەتەر: "ھەوڵدەدەین پەیوەندی باشمان لەگەڵ میسر هەبێت"

- وەزیری بەرگری قەتەر، خالید عەتییە: "لایەنە دەرەكییەكان تەگەرە دەخەنە بەردەم باشبوونی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ میسر".

Zana Natık Kerem  | 20.11.2017 - نوێکردنەوە : 25.11.2017
قەتەر: "ھەوڵدەدەین پەیوەندی باشمان لەگەڵ میسر هەبێت"

Ad Dawhah

دۆحە ــ AA

وەزیری بەرگری قەتەر، خالید عەتییە رایگەیاند، لایەنە دەرەكییەكان تەگەرە دەخەنە بەردەم باشبوونی پەیوەندیییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ میسر.

لە میانی دیمانەیەكدا لە بەرنامەی ئەلحەقییە كە كەناڵی فەرمی قەتەر پەخشی كرد، خالید عەتییە گوتی: "هەر چەند ئێمە پردێك بۆ نزیكبوونەوە لەگەڵ میسر دروست بكەین، لایەنێكی دیكە دێت و بە هۆی بوونی ئەجندایەكی تایبەتەوە، پردەكە دەڕووخێنێت".

وەزیری بەرگری قەتەر گوتی: "پابەندبوونی قەتەر بە بێ‌ هیچ كاریگەرییەك بەرامبەر میسر بەردەوامە، چونكە بە بۆچوونی ئێمە دەبێت بەهێز بێت".

لە وەڵامی پرسیاری شكستهێنانی ئاشتەوایی لە میسر، خالید بن عەتییە گوتی: "رەتكردنەوەی ئاشتەواییەكە لە لایەن سەربازانەوە بوو نەوەك كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین".

وەزیری بەرگری قەتەر ئاشكرای كرد كە وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریكا، جۆن كێری داوای لە قەتەر كرد كە پەیوەندی لەگەڵ سەركۆماری پێشووی میسر، محەمەد مورسی و جێگری رابەری گشتی ئیخوان موسلیمین، خەیرەت شاتر و سەركردەكانی هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ پشتیوانیكردن لە شەرعیەت و رەتكردنەوەی كودەتا ببەستێت.

خالید بن عەتییە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "لەگەڵ ئەندامی پێشوو لە ئەنجوومەنی باڵای هێزە چەكدارەكانی میسر، لیوا محەمەد عەسار قسەم كرد و ئەو گوتی كە چاوەڕوانمان دەكات".

وەزیری بەرگری قەتەر روونی كردەوە دیدارەكەیان لەگەڵ جێگری رابەری گشتی ئیخوان موسلیمین، خەیرەت شاتر ساز كرد و سەربازان لە میسر پێداگیری ئەوەیان دەكرد كە دەبێت دیدارەكە سێقۆڵی بێت لەگەڵ خودی ئەو و وەزیری دەرەوەی ئیمارات، عەبدوڵڵا بن زاید ئالنهەیان و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ولیام پێرن.

خالید بن عەتییە گوتی: "لەو كاتەدا خەیرەت شاتر لەگەڵ عەبدوڵڵا بن زاید ئالنهەیان لەسەر ناپاكی قسەی دەكرد باسی ئەوەی كرد كە چۆن ئەوان لە پشتەوە خەنجەریان لێدراوە و دواتر رێككەوتن كرا و پێشێلكرا".

وەزیری بەرگری قەتەر ئەوەشی گوت: "خەیرەت شاتر پێی راگەیاندین كە ئیخوان ئامادەن بۆ دانیشتن و دواتر چووین دیدار لەگەڵ محەمەد مورسی ساز بكەین، بەڵام لەو كاتەدا ئێمە تووشی سەرسورمان بووین كە هەموو كۆبوونەوەكان بە بێ‌ هیچ هۆكارییەك هەڵوەشێندرانەوە".

لە بارەی سووریاوە، خالید بن عەتییە گوتی: "قەتەر پشتیوانی هیچ گرووپێكی توندڕەو لە سووریا ناكات، تۆمەتەكان كە لە بارەی پشتیوانیكردن لە تیرۆر خراوەتە پاڵ ئێمە ناڕەوەیە".

وەزیری بەرگری قەتەر ئاماژەی بەوەدا كە قەتەر لە میانی هاوپەیمانەكانی و هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە نێویاندا سعوودیە، پاڵپشتی لە پاراستنی ئیرادەی گەلی سووریای كردووە لە وحشیگەرییەتی رژێم كردووە.

ناوبراو ئاشكرای كرد كە دۆحە و ریاز شان بەشانی یەكتر و پێكەوە كاریان لە سووریا دەكرد بێ‌ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو و جەختی كردەوە كە قەتەر یەك دوژمنی هەیە كە ئەوەش تیرۆرە و قەتەر یەكەم وڵات بوو كە بەرنگاری تیرۆر بوویەوە.

سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی قەتەر، خالید بن عەتییە دووپاتی كردەوە كە هێزە چەكدارەكانی قەتەر لەو پەڕی ئامادە باشیدان بۆ بەرگریكردن لە وڵات دژی هەر هێرشێكی تیرۆریستی و گوتی: "هێزەكانی قەتەر خاوەن نوێترین سیستەمی تەكینی سەربازیین و ئێمە ژمارەیەك سیستەمی نوێیمان هێناوەتە وڵات و ژمارەیەكی دیكەش بەرێگەون بۆ ئەوەی بهێنرێنە قەتەر".

سەبارەت بە قەیرانی كەنداو، وەزیری بەرگری قەتەر ئاماژەی بە لێدوانەكانی میری وڵاتەكەی، تەمیم بن حەمەد ئالسانی دا كە رایگەیاندبوو، گفتوگۆكردن تاكە رێگەی كورت و ئاسانە بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆییەكان.

خالید عەتییە هیوای خواست لایەنەكان گوێ لە دەنگی ژێری و دانایی بگرن و بەدەم داواكەی میری كوێت، سەباح ئەحمەد جابر سەباح بچن كە ئەویش داوای كردبوو قەیرانی كەنداو بە رێگەی دانوستان چارەسەر بكرێت و گوتی: "قەتەر هەمیشە كراوەیە بۆ گفتوگۆكردن و هیچ شتێكی نییە تا لێی بترسێت".





بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın