Tuğçenur Akgün
08 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2023
نیویۆرک - AA
ئەمریکا بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو رێککەوتنانە کرد کە عێراق لەم هەفتەیەدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکانی وزەی فەڕەنسیدا ئەنجامیداوە.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، جاک سولیڤان سەبارەت بە بابەتەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی دەکەین لەو بەرەوپێشچوونە گرنگانەی ئەم هەفتەیە لە عێراق تۆمارکرا کە بە رێککەوتنی وزە سەروەریی، سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانی ئابووریی بەهێزتر دەبێت".
سولیڤان واژووکردنی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رێککەوتنی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی بۆ تورکیا بە مێژوویی ناوزەند کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە رێککەوتنەکە هاوکار دەبێت بۆ کەرتی وزە و ئابووریی عێراق.
هەروەها سولیڤان ئاماژەی بە گرنگیی رێککەوتنی حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی کرد کە بەبڕی ٢٧ ملیار دۆلار واژووکراوە و، رایگەیاند: "کاتێک ئەم پرۆژە مێژووییە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کێشەی کارەبا لە بەرژەوەندی گەلی عێراق چارەسەر دەبێت و توانای عێراق لە رووی وزەوە زیاد دەکات، کاریگەری سووتانی ئەو غازەی لە باشووری عێراق دەسووتێت لەسەر ژینگە کەم دەبێتەوە و بەرهەمە غازییەکانی دەرفەتی هەناردەکردنی بۆ بازاڕی نوێ دەڕەخسێت".
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆیشی نیشان دا کە کۆمپانیا قەتەری و سعوودیەو ئەمریکییەکان رۆڵی گرنگییان هەیە لەم پرۆژە ژێرخانییەدا و ئەوەشی خستەڕوو کە شانازی دەکەن بە پشتیوانیکردنی ئەم جۆرە پرۆژە و دەستپێشخەرییە دیپلۆماسیانەی لە ناوچەیەکی سەقامگیرتر و ئاوەدانتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سوودی بۆ ئەمریکا و گەلەکەشی دەبێت.