Heman Hussein Yaseen Yaseen
30 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2019
هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی رایگەیاند کە لیژنەیەک لە نێوان هەولێر و بەغدا پێکهاتووە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بە مەبەستی تەواوکەری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا حکوومەتی عێراق بەشێکی رەوانە کوردستان.
سەفین دزەیی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەفتەی رابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی کۆبووەوە و بڕیاردرا لیژنەیەک پێک بێت بۆ بابەتەکانی مووچە و نەوت چونکە بەداخەوە هەندێک پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا لێدوانی وا دەدەن کە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان".
سەفین دزەیی لەبارەی راست و دروستی بابەتی ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام، گوتی: "ئەوەی لە زاری عادل عەبدولمەهدی و وەزیری دارایی بیستوومانە، ئەوەی ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت بەشێکی مووچەیە نەوەک بوودجە، چونکە ئێمە مانگانە ٨٨٠ ملیار دینار دەدەین بە مووچە، ئەوەی ئێستا لە بەغدا دەنێردرێت بڕی ٤٥٠ ملیار دینارە، لەبەر ئەوە ٤٣٠ ملیارەکەی دیکە هەرێمی کوردستان لە فرۆشی نەوت دەبێت دابینی بکات و بە ئێمەیان راگەیاندووە کە ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت".
سەفین دزەیی گوتیشی: "سەبارەت بەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلەی کە دەبێت رادەستی بەغدا بکرێت، لەڕووی مەبدەئییەوە کێشەمان لەگەڵ بەغدا نییە، بەڵام دەبێت میکانیزمێک هەبێت بۆ تەواوکردنی ئەو ٤٣٠ ملیار دینارە کە کێ تەواوی دەکات، چونکە ئەگەر ئەو نەوتە بدەین بە بەغدا مانای وایە ناتوانین نەوت بفرۆشین و ئەو ٤٣٠ ملیار دینارمان دێتە دەست و تەکمیلەی مووچەی پێ دەکەین، بۆیە لیژنەیەک لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دۆزینەوەی ئەو میکانیزمە پێکهاتووە".