Mohammad Farid Mahmoud Abdullah
02 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2018
ئیستانبوڵ ــ AA
بە ھۆی نزیکبوونەوەی سەپاندنی گەڕی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بە سەر ئێران، نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردووی لە بازاڕەکانی جیھاندا تۆمار کرد و گەیشتە سەروو ٨٥ دۆلار.
چاوەڕوان دەکرێت لە شەشی ئەم مانگەدا، ئەمریکا گەڕی دووەمی سزاکان تایبەت بە پیشەسازی، نەوت و غاز بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەڕی یەکەمی سزا ئابوورییەکانی لە شەشی مانگی ئابی رابردوودا، بەسەردا سەپاندبوو.
ئێران بە سێیەم گەورە وڵاتی بەرھەمھێنەری نەوتی خاو لە ئۆپێک دادەنرێت دوای سعوودیە و عێراق، بەو پێیەی رۆژانە سێ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خاو لەو وڵاتە بەرھەمدەھێندرێت و رۆژانەش دوو ملیۆن و ١٠٠ ھەزار بەرمیل ھەناردەی دەرەوە دەکرێت.
لە کاتژمێر ٠٥:٥٩ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینی و بە ٨٦،٠٦ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە دوای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤وە، نرخی خاوی برێنت لە بازاڕەکاندا نەگەیشتووەتە ئەم نرخەی ئێستا.
ھەر بەھەمان شێوە نرخی خاوی ئەمریکا لە بازاڕەکاندا بەرزبوویەوە و بە ٧٥ دۆلار و ٥٨ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.