Zana Natık Kerem
02 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2023
ھەولێر – AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا، نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقی ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی لە بەرزبوونەوە تۆمار کرد.
لەئێستادا، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکاندا، بە ١٧٧ ھەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دوێنێ چوارشەممە، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا، گەیشتە ١٧٠ ھەزار دینار عێراقی.
ھاوکات ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق بەراورد بە دوێنی بڕیکی کەمتر لە دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق، ٦٥ ملیۆن و ٤٩٢ ھەزار و ١٢٠ دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، لەکاتێکدا دوێنی ١٠٥ ملیۆن و ١١٥ ھەزار و ٢١٦ دۆلاری خستبووە بازاڕەوە.
شارەزایان و چاودێرانی بواری ئابووریی، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقی بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێننەوە، یەکەمیان کەمی خستنەبازاڕی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، دووەمیان بردنی دۆلارە بە قاچاغ بۆ دەرەوە.