Heman Hussein Yaseen
19 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2025
هەولێر - AA
شاندێکی هاوبەشی ڕێکخراوی تیسیادی تورکی و کارگێڕی بەندەری نێودەوڵەتی مێرسین سەردانی ژووری بازرگانیی هەولێریان کرد.
بە مەبەستی خستنەڕووی ئەو هاوکاری و ئاسانکارییانەی بۆ بازرگانانی هەرێم دەیکەن، شاندەکەی تورکیا سەردانی ژووری بازرگانییان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژمارەیەک بازرگان کۆبوونەوە.
هەریەک لە پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، سەروەر هاواری، بەڕێوەبەری ژمارەیەک فەرمانگەی پەیوەندار و نوێنەری کۆنسوڵخانەی گشتی تورکیا لە هەولێر لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، کامەران سەڵاح باجگر تیشکی خستەسەر پەیوەندییە بازرگانییە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و تورکیا و جەختی لەوەشکردەوە کە هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک بۆ بازرگانان دەکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، کامەران سەڵاح باجگر گوتی: "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ ساڵی ڕابردوو بڕی ١٧ ملیار دۆلار بووە، لەم بڕەش ١٣ ملیار دۆلار هاوردەی کاڵاکانی تورکیا بووە، چوار ملیار دۆلاریش هەناردەی عێراق بووە بۆ تورکیا، سەدا ٢٥ی ئەم قەبارەیە لە هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها ژمارەی ئەو کۆمپانیا تورکیانەی لە هەولێر کاردەکەن بریتیین لە هەزار و ٦٤ کۆمپانیا".
کامەران سەڵاح باجگر گوتیشی: "داوا لە شاندی میوان دەکەین کە هەرچەندە لە تواناتاندا هەیە، ئاسانکاری و هاوکاری و داشکاندن بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم بکەن بۆ ئەوانەی کاڵاکانی خۆیان لە ڕێگای بەندەری مێرسین هاوردەی عێراق و هەرێم دەکەن و بێگومان لە کۆتاییدا سوودی بۆ هەردوو وڵات هەیە و ئێمەش لێرەوە هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک بۆ بازرگانان دەکەین".
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، گوتی: "هاتنی ئێوە و تەوەری گفتوگۆکان لەلای ئێمە جێگای بایەخە و سەرجەم فەرمانگە پەیوەندارەکان لێرەین بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکان بدەین، بێگومان ئێوەش ئامانجێکی گەورەتان هەیە و ئێمە پشتیوانیتان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە کەرتی بازرگانی بدەین، بێگومان حکوومەتی هەرێم لە هەموو ئاستەکان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتی تورکیادا هەیە و لەم پێناوەشدا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی پەرە بەم پەیوەندییانە بدەین".