Fecri Barlık,Mehmet Niyazi Deniz
23 ئەیلوول 2025•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2025
سێرت - AA
ڕووداوی ڕووناککردنەوەی سەر مەزاری حەزرەتی ئیسماعیل فەقیروڵڵا بە یەکەم تیشکی خۆری سپێدەی بەیان لە ڕێگەی سیستمی ڕووناکی تیشکی خۆرەوە کە ٢٦١ ساڵ بەر لە ئێستا حەزرەتی ئیبراهیم حەقی لە قەزای تیلۆی سەربە پارێزگای سێرت دروستی کردووە بۆ ئەوەی سەر مەزاری مامۆستاکەی حەزرەتی ئیسماعیل فەقیروڵڵا ڕووناک بکاتەوە، ئەمساڵیش ئەنجام درا.

لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا کە بە چاودێری پارێزگاری سێرت و لەلایەن قایمقامی تیلۆ، شارەوانی تیلۆ و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری پارێزگاکەوەوە سازکرا، هاووڵاتیان دوای نوێژی بەیانی لە گۆڕەپانی قەزاکە کۆبوونەوە.
بەرنامەکە کە بە خوێندنی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد، تیایدا چەند سرودێکی ئاینی پێشکەش کرا.

پارێزگاری سێرت، کەمال کزڵکایا لە گوتارێکیدا کە لە بەرنامەکە پێشکەشی کرد، باسی لەوە کرد تیلۆ بە درێژایی مێژوو لەگەڵ جوانیە سروشتییەکەیدا، بە زانست و مەعنەوییە قووڵەکەی بووەتە ناوەندێکی گرنگی ڕۆشنبیری و شارستانیی.

کزڵکایا ئاماژەی بەوە کرد ئەم ڕووداوە کە ساڵانە لە ڕۆژەکانی یەکسانبوونی شەو و ڕۆژ ڕوودەدات، نیشانی دەدات کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ سروشت و گەردووندا لە هاوسەنگیدا بێت و، ڕایگەیاند:"ئەم سیستمی ڕووناکیە مەزنەی حەزرەتی ئیبراهیم حەقی دروستی کردووە بۆ ئەوەی وەفای خۆی بۆ مامۆستاکەی حەزرەتی ئیسماعیل فەقیروڵڵا نیشان بدات، تەنیا موعجیزەیەکی ئەندازیاریی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا نیشانەی ڕاستگۆیی و وەفاداریی، ڕێز و خۆشەویستییە. لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر و گەیشتنی یەکەم تیشکی خۆر بە مەزاری حەزرەتی ئیسماعیل فەقیروڵڵا، یەکێکە لە جوانترین نموونەکانی میراتی زانستی و پەیوەندیی خۆشەویستیی".
