Mümin Altaş
23 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2021
ئه‌نقه‌ره - AA
سه‌ركۆماری توركیا، رەجەب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند "بە تایبەتی چاوەڕوانی هاوده‌نگی بەهێز دەکەین لە باره‌ی گەڕاندنەوەی هەڵاتوانی فه‌تۆ و سەرکردەكانی رێکخراوی جوداخواز بۆ وڵاتەکەمان".
رەجەب ته‌یب ئه‌ردۆغان له په‌یامێكی ڤیدیۆییدا كه ئاراسته‌ی هەشتا و نۆیەمین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی گشتیی ئینته‌رپولی كرد كه له ئیستانبوڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه كه ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بڕیار بوو ساڵی رابردوو ساز بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوه دواخرا.
سه‌ركۆماری توركیا خۆشحاڵی خۆی نیشان دا كه له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی كاریگهرییكانی په‌تاكه پێشوازییان له به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه كردووه له توركیا و هیوای خواست كۆبوونه‌وه‌كه ببێته مایه‌ی خێر بۆ وڵاتان، گه‌لان و هه‌موو مرۆڤایه‌تی.
رەجەب ته‌یب ئه‌ردۆغان باسی له‌وه كرد كه ئینته‌رپول گه‌وره‌ترین رێكخراوی جیهانییه كه ١٩٤ وڵات تیایدا به‌شدارن و توركیا له ساڵی ١٩٣٠دا، به‌شداریی تیادا كردووه.
سه‌ركۆماری توركیا راشیگه‌یاند "وەک ئەندامێكی دامەزرێنەری رێکخراوەکە تا ئێستا دووجار میوانداری کۆبوونەوەی ئه‌نجوومه‌نی گشتییمان کردووە. یەکەمجار بیست و چوارەمین کۆبوونەوەی ئه‌نجوومه‌نی گشتیی لە ساڵی ١٩٥٥ لە ئیستانبوڵ و پاشان شەست و پێنجەمین کۆبوونەوەی گشتی له ساڵی ١٩٩٦ لە ئانتاڵیا. خۆشحاڵین دوای ٢٥ ساڵ لە ئیستانبوڵه جوانەکەمان کە شارێکی مێژوویی، کولتووری و شارستانییە جارێکی دیكه میوانداری ئەم چالاكییه گرنگەی رێکخراوەکە دەکەین".
رەجەب ته‌یب ئه‌ردۆغان باسی له‌وه‌یش كرد، توركیا كه ده‌كه‌وێته سەنتەری ئاسیا، ئه‌ورووپا و ئه‌فریقاوه رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ئه‌منیی جیاواز بووه‌ته‌وه.
ئەردۆغان جەختی لەسه‌ر ئه‌وە کردەوە کە خه‌باتی توركیا دژ به په‌كه‌كه كه ٤٠ ساڵه درێژه‌ی هه‌یه بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکەوه هەڕەشەی نوێی بۆ زیادبووە.

سه‌ركۆماری توركیا، رەجەب ته‌یب ئه‌ردۆغان راشیگه‌یاند "تورکیا بووه‌ته یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەری پێكدادانه‌كانی وڵاتانی دراوسێمان به‌تایبه‌تی سووریا و عێراقی له‌سه‌ره. لەئێستادا میوانداریی پێنج ملیۆن په‌نابه‌ر دەکەین کە ٣،٦ ملیۆنیان لە سووریاوه هاتوون و بەهۆکاری ههمهجۆر ناچار به کۆچ كراون. لە داعشەوە تا فه‌تۆ و لە په‌كه‌كه-په‌یه‌ده-وە تا پێکهاتە خوێنڕێژه‌كانی دیكه له به‌ره‌نگارییه‌كی چڕداین. بەهەمان شێوە لە بەلقان-ەوە تا باکووری ئەفریقا و لە قەوقازەوە تا ئاسیا راستەوخۆ كاریگه‌ری هه‌موو ئه‌و پێشهاتانهمان له‌سه‌ره كه لە جوگرافیایەکی بەرفراواندا روو دەدات. لە بەرامبەر ئەو تەحەدا ئەمنییانەدا له‌لایه‌ك گه‌ره‌نتی سەلامەتی ژیان و ماڵی هاووڵاتییانمان و یەکڕیزی و یەکپارچەیی وڵاتەکەمان دەکەین ، له‌لایه‌كی دیكه‌وه هاوكارین له ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی نێودەوڵەتییدا. تاکە وڵاتین رووبه‌ڕوو دژبە داعش جه‌نگاوین و ئەو رێکخراوەمان تێکشکاندووە. بە ده‌سته‌به‌ركردنی زانیاری هەواڵگریی رێگریمان لە چەندین کردەی تیرۆریستی کردووە، لەڕێگەی ئه‌و ئۆپەراسیۆنانهی له ده‌ره‌وه‌ی سنوور ئه‌نجاممانداوه لە دژی باڵی سووریای رێكخراوی تیرۆریستیی پەکەکە زیاتر لە چوار ملیۆن کەسمان لە ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه رزگارکردووە".
رەجەب ته‌یب ئه‌ردۆغان هەروه‌ها باسی له‌وه كرد کە لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکان رێوشوێنی کاریگەریان گرتووەتەبەر دژبە فه‌تۆ کە شەوی ١٥ی تەمووزدا، ٢٥١ هاووڵاتی شه‌هید كرد.
گوتیشی: "نابێت رێگه به گه‌ڕانی تیرۆریستان بدرێت کە دیموکراسی ده‌كه‌نه ئامانج و بێ تاوانەکان ده‌كوژن به‌بێ گوێدانه ژن، منداڵ، پیر و كارمه‌ندی حكوومیی".
سه‌ركۆماری توركیا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه له‌ڕێگه‌ی ئەو رێوشوێنانەی لە دەریای ئیجە گرتوویاننه‌ته‌به‌ر رێگرییان لە روودانی رووداوی تراجیدی کردووە کە گیانله‌ده‌ستدانی دەیان هەزار كه‌سی لێده‌كه‌وته‌وه و سەرکەوتنی گەورەیان به‌ده‌ستهێناوه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به کۆچبەران، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، قاچاغچێتی مرۆڤ و تاوانی رێکخراوه‌یی، گوتیشی: "لە ماوه‌ی ساڵی ٢٠٢١دا، ٦٤ کەس بە تاوانی رێکخراو، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، ساختەکاری، کوشتن، ده‌ستدرێژی سێکسی بۆسه‌ر منداڵان، تاڵانکردن و دزی گەرێندراونەتەوە وڵاتەکەمان".