Tuğçenur Akgün
28 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2023
نیویۆرک-AA
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلا، ئیڵن مهسک لەگەڵ راوێژکارانی باڵای سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، جۆن پۆدێستا و میچ لاندریو کۆبووەوە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، کارین ژان پیێر لە میانى کۆنگرەى رۆژنامەوانیى رۆژانەی خۆیدا رایگەیاند، ئێڵن مهسك لەگەڵ راوێژکارانی باڵای بایدن، جۆن پۆدێستا و میچ لاندریو کۆبووەتەوە.
کارین ژان پیێر، ئاماژەی بەوە دا کە مهسک و راوێژکارە باڵاکان باسیان لە رۆڵی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە کەمکردنەوەی هەڵاوسان و یاسای ژێرخانی ئابووری و زیادکردنی بەکارهێنانی کارەبا لەبری سووتەمەنی، کردووە.
- کوشتنی تایر نیکۆڵس
گوتەبێژی کۆشکی سپی، کارین جان پیێر رایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی لەو نەخۆشخانەی کە لێی خەوێندرابوو، دوێنێ بایدن سەرەخۆشی خۆی گەیاندووەتە بنەماڵەی تایر نیکۆڵس.
جان پیێر ئاماژەی بەوە دا کە کۆشکی سپی لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی ئامادە بێت لە ئەگەری گۆڕانی ناڕەزایەتییەکان بۆ توندوتیژی و گوتی، پێویستە کۆنگرێس هەنگاو بنێت سەبارەت بە پێوەرەکانی بەکارهێنانی هێز و لێپرسینەوە له هێزەکانی پۆلیس.
تایر نیکۆڵس کە هاووڵاتییەکی رەشپێستە دوای ئەوەی لە حەوتی کانوونی دووەم لەلایەن پۆلیسەوە لێیدرا، لە نەخۆشخانەی ویلایەتی تێنسی گیانی لەدەستدا.
ژان پیێر لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەدا بایدن داوای لە کۆنگرێس کردووە "یاسای پۆلیسی جۆرج فلۆید" پەسەند بکات.
- زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین
گوتەبێژی کۆشکی سپی، کارین ژان پیێر جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین کە لەم دواییانەدا بەرەو هەڵکشان چووە، کەم بکرێتەوە.
کارین ژان پیێر باسی لەوە کرد وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینكن لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆ لە ناوچەکە ئەنجام دەدات و جەختی لەوە کردەوە بایدن سوورە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگای دامەزراندنی دوو دەوڵەتەوە.
ژان پیێر لەبارەی ئەگەری سەردانی بایدن بۆ ئۆکراینا لە ٢٤ی شوبات کە ساڵیادی جەنگی رووسیا و ئۆکراینایە، گوتی: "لە ئێستادا پلانی گەشتمان نییە".