Ömer Tuğrul Çam
12 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2022
بڕۆکسل - AA
بەمەبەستی گفتوگۆکردن لە بارەی بابەتەکانی وەک دۆخی ئەو گرژیەی دوای کۆکردنەوەی هێزی سەبازیی لەلایەن رووسیاوە لە سنووری ئۆکراینا دروست بووە لەگەڵ ئاسایشی ئەورووپا، بۆ یەکەمجار لە دوای ٢٠١٩ەوە ئەنجوومەنی ناتۆ-رووسیا کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە بارەگای ناتۆ لە بڕۆکسل بەڕێوەدەچێت و سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ سەرۆکایەتی دەکات، بەناوی رووسیاوە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، ئەلێکساندەر گروشکۆ و جێگری وەزیر بەرگریی، ئەلێکساندەر فۆمین و نوێنەرانی هەمیشەیی ناتۆ لە بڕۆکسل و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وێندی شێرمان بەشدارن.
لە ئەنجوومەنی ناتۆ-رووسیادا، گفتوگۆ دەکرێت لە بارەی بابەتەکانی وەک دۆخی ئەو گرژیەی دوای جێگیرکردنی نزیکەی ١٠٠ هەزار سەرباز لەلایەن رووسیاوە لە سنوور لەگەڵ ئۆکراینا دروست بووە و ئەو گەرەنتیە ئەمنییەی رووسیا پێشکەشی ئەمریکا و ناتۆی کردووە لەبارەی ئەورووپا.
لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، ئەمریکا و ناتۆ دەیانجار هۆشداریان دا بە رووسیا لەبارەی هێرش نەکردنە سەر ئۆکراینا و باسیان لەوە کردبوو کە رەوشێکی لەو شێوەیە دەرەنجامی جددی و باجی گرانی دەبێت. زۆرێک لە وڵاتانی خۆرئاوا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئۆکراینادا، سزای دارایی و سیاسیی بەسەر رووسیادا دەسەپێنن.
لای خۆیەوە رووسیا ئاماژە بەوە دەکات کە نیازی هێرشکردنە سەر ئۆکراینای نییە و لە داواکاری رێککەوتن لەسەر گەرەنتی ئەمنیی کە ئاراستەی ئەمریکا و ناتۆی کردووە داوای بەڵێن لە ئەمریکا دەکات بۆ فراوان نەبوونی ناتۆ بەرەو خۆرهەڵات و وەرنەگرتنی وڵاتانی ناو یەکێتیی سۆڤیەتی جاران بۆ ناو ناتۆ.
لە دەقی رەشنووسی رێککەوتنەکەدا داواکراوە، ئەمریکا بنکەی سەربازیی لە وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و ئەو وڵاتانەی ئەندامی ناتۆ نین دروست نەکات، ژێرخانی ئەو وڵاتانە بۆ هیچ چالاکییەکی سەربازیی بەکارنەهێنێت و هاریکاری سەربازیی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا نەکات.
هەروەها رووسیا لەو داواکاریەدا، باس لەوە دەکات کە نابێت وڵاتان چەکە ئەتۆمییەکانیان لە دەرەوەی خاکی وڵاتەکانیان جێگیر بکەن و دەبێت ئەو چەکە ئەتۆمییانەی لە دەرەوەی خاکی وڵاتەکە جێگیرکراون بکشێندرێنەوە.
لە چوارچێوەی گفتۆگۆ دیپلۆماسییەکاندا لە دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بڕۆکسل، سبەی لە ڤیەننا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەمیشەیی رێکخستنی هاریکاریی و ئاسایشی ئەورووپا ساز دەکرێت بۆ تاوتوێ کردنی ئەو بابەتانە.