Haydar Şahin
05 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2023
تاران - AA
رێبەری ئێران، عەلی خامنەیی ئاماژەی بەوە کرد کە سەرپۆشکردن پابەندبوونێکی ئایینی و یاساییە و گوتی: ''پێشێلکردنی ئەمە کارێکی حەرامە''.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، عەلی خامنەیی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکەی لە تاران، باسی لە بابەتی سەرپۆش کردووە کە لە ماوەی رۆژانی رابردوودا بووەتە بابەتی رۆژەڤی وڵاتەکە.
خامنەیی رایگەیاند: ''سەرپۆشکردن پابەندبوونێکی ئایینی و یاساییە. پێشێلکردنی ئەمە کارێکی حەرامە''.
خامنەیی باسی لەوە کرد کە زۆرێک لەوانەی سەرپۆش ناکەن دەرک بە هاندانەکانی رێکخستنەکانی دوژمن و سیخوڕ ناکەن لەم بارەیەوە و گوتی: ''ئەگەر بزانن کێن ئەوانەی لە پشت بەرەنگاربوونەوەی سەرپۆشکردنن و چ رێکخراوێکن، ئەوا ئەم کارە ناکەن''.
رێبەری ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە بە دڵنیایییەوە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت و گوتی: ''بێگومان دوژمن بە پیلان کاری کرد، دەبێت ئێمەش بە پلان کار بکەین. نابێت کاری نایاسایی بکرێت''.
- خۆپیشاندانەکانی ئێران و پابەندبوون بە سەرپۆشکردن
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا، مەهسا ئەمینی دوای دهستگیركردنی لهلایهن پۆلیسی ئیرشادی تارانهوه بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی باڵاپۆشی" و گیانی لەدەستدانی، بووه هۆی سهرههڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایهتی له زۆربەی شارەکانی ئێران دژبە دهسهڵاتی وڵاتهكه.
لە میانی خۆپیشاندانەکاندا، جارێکی دیکە داواکارییەکانی شلکردنەوەی یاسای باڵاپۆشی ناچاری کە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە جێبەجێ دەکرێت، بووە رۆژەڤی وڵاتەکە.
لە دوای خۆپیشاندانەکان کە ماوەی چوار مانگی خایاند، گلەیی ئەوە دەکرێت کە خانمان لە هەندێک شاری ئێران پابەند نابن بە یاساکانی باڵاپۆشی و سەرپۆشکردن.
لە کاتێکدا لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیدا ژمارەیەک خانم بەدیدەکرێن کە بەبێ سەرپۆش بە ناو شەقام و دووکانەکاندا دەگەڕێن، ئەمە کاردانەوەی موحافزکارانی سەربە رژێمی ئێرانی لێکەوتەوە و داوایان لە بەرپرسانی وڵاتەکە کرد یاساکان جێبەجێ بکەن.
لای خۆیانەوە وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆجیا و پەروەردە کە سەربە دامەزراوەی خوێندنن لە ئێران بڵاویانکردەوە، ئەو خوێندکارانەی پابەند نەبن بە یاساکانی باڵاپۆشییەوە ناتوانن سوودمەند بن لە خوێندن.