Zana Natık Kerem
23 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ئیلبروس کوتراشێڤ رایگەیاند کە گرنگە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا کۆتایی پێ بھێندرێت و ھەردوو وڵات بە گفتوگۆ کێشە و قەیرانەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف رەشید پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ئیلبروس کوتراشێڤ و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، رەوشی ئەمنی عێراق، ھەروەھا پێشھاتەکانی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا تاوتوێ کراون.
باسی لەوەش کردووە کە سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید ئاماژەی بەوەداوە کە رەوشی ئێستای عێراق بەراورد بە ماوەکانی رابردوو باش بووە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو، عەبدولـلەتیف رەشید لەبارەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا رایگەیاندووە کە گرنگە جەنگەکە کۆتایی پێ بھێندرێت و رووسیا و ئۆکراینا بە گفتوگۆ کێشە و قەیرانەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، ئەوەیش بە ئامانجی بەدیھێنانی سەقامیگریی بۆ ھەردوو وڵات و ناوچەکە.
راشیگەیاندووە کە لای خۆیەوە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ئیلبروس کوتراشێڤ خواستی وڵاتەکەی نیشانداوە، بۆ پتەوترکردنی پەیوەندی و ھاریکارییەکان لەگەڵ عێراق.