Muhammed Semiz
22 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2022
قودس – AA
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل (شاباک)، رۆنەن بار بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تەل ئەبیب و قاهیرە سەردانی میسری کرد.
دامەزراوەی پەخشی گشتیی ئیسرائیل KAN بڵاوی کردەوە، رۆنەن بار لەگەڵ بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی میسر لە قاهیرە کۆبووەتەوە.
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئامانج لە سەردانەکەی رۆنەن بار "هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و میسر و گێرانەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتە بۆ دۆخی ئاسایی".
لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی میسر، هیچ راگەیەندراوێکیان بڵاو نەکردووەتەوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە میدیا نێودەوڵەتییەکان بڵاو کراونەتەوە دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، میسر داوای لە ئیسرائیل کردووە گرژییەکانی کەرتی غەززە کەم بکاتەوە، بەڵام ئیدارەی تەل ئەبیب داواکارییەکەی قاهیرەی پشتگوێ خستووە ئەمەیش گرژی سیاسیی لەنێوان هەردوو وڵات بەدوای خۆیدا هێناوە.