Enes Canlı
22 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2022
قودس- AA
دوای نوێژی بەیانی ئەمڕۆ، پۆلیسی ئیسرائیل هەڵیکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا و دواتر لە حەوشەی مزگەوتەکە کشایەوە.
هێزەکانی پۆلیس رێگەیان بە ژنان و کەسانی بەتەمەن دا بۆ نوێژی هەینی بچنە ناو مزگەوتەکەوە بەڵام لە هەندێک لە دەروازەکان رێگریان لە چوونە ژوورەوەی کوڕانی گەنج کرد.
ناوبەناویش گرژی لە نێوان هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکانی بەردەم دەروازەکانی مزگەوتەکە دروست بوو، بەوهۆیەشەوە تا ئێستا یەک فەڵەستینی دەستبەسەر کراوە.
گروپێک لە گەنجانی ناو حەوشەی مزگەتەکە بەردیان گرتە هێزەکانی پۆلیس. لە بەرامبەریشدا هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل بە بۆمبی دەستی و گوللەی پلاستیکی وەڵامیان دانەوە.
مانگی سووری فەڵەستینی لە بارەی ئاماری رووداوەکانەوە ئەوەی ئاشکرا کردوە کە تا ئێستا ٣١ فەڵەستینی بریندار بوون و ١٤یان بۆ چارەسەر گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
لە کاتی پێکدادانەکانیشدا درەختێکی ناو حەوشەی مزگەوتەکە گڕی گرت بەڵام بەخێرایی ئاگرەکە کوژێندرایەوە.
دوای پێکداهەڵپژانەکانیش هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل بۆ دەرەوەی حەوشەی مزگەوتی ئەقسا، کشانەوە.
ئەمڕۆش هەزاران موسڵمان لە مزگەوتی ئەقسا بەشداری نوێژی بەیانییان کرد.