Zana Natık Kerem
25 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2019
بەغدا ــ AA
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند لە ئاكامی ئەو پەلامارەی كە شەوی رابردوو لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە چەكی قورس و مامناوەند كرایە سەر یاریگایەك لە قەزای داقووق باشووری پارێزگای كەركووك، ١٥ مەدەنی كوژران و برینداربوون.
لە راگەیەندراوێكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هاتووە "ئێوارەی دوێنێ شەممە، چەتەكانی داعش تاوانێكی دیكەیان ئەنجامدا كاتێك بە چەكی قورس و مامناوەند هێرشیانكردە سەر یاریگایەك نزیك مەزارگەی ئیمام زەین ئەلعابدیین لە قەزای داقووق باشووری پارێزگای كەركووك".
بەپێی راگەیەندراوەكە لە ئاكامی پەلامارەكەدا، شەش مەدەنی كوژراون و نۆی دیكەش برینداربوون.
دوێنێ سەرچاوەیەكی ئەمنی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو كە ژمارەیەك گولـلە هاوەن ئاراستەی بارگەیەكی حەشدی شەعبی كراون لە قەزای داقووق و لە ئاكامدا، پێنج چەكداری سەربە حەشدی شەعبی كوژران.