Bayram Altuğ,Mohammed Baqi Hussein
23 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2019
جنێڤ - AA
ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا و ھێزەکانی سەربە خەلیفە حەفتەر لە شاری تەرابلوس و دەورووبەری کوژراون بەرزبوویەوە بۆ 264 کەس.
گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیھانی، تارق یاسرەڤیچ لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤ رایگەیاند کە لە ئاکامی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کە لە میانی ئەم مانگەدا تا ئێستا لە نێوان ھێزەکانی حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا و ھێزەکانی سەربە خەلیفە حەفتەر لە شاری تەرابلوس و دەورووبەری بەردەوامە، 264 کەس کوژراون و ھەزارو 266ی دیکەش برینداربوون.
ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە کە 21 لەوانەی كوژراون و 69 لە بریندارەكان كەسی مەدەنین.
هاوكات گوتەبێژی كۆمسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان، بابار بالۆچ رایگەیاند، بە هۆی پێكدادانەكانەوە لە چواری نیسانەوە تا ئێستا، 32 هەزار كەسی مەدەنی ئاوارەبوون.