Eda Özdener
28 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی-دا خۆشحاڵی خۆی نیشان دا بە ئەنجامگەیشتنی گۆڕینەوەی دیلەکان لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی سەرۆکایەتی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە پێشهاتەکانی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا کراوە.
ئەردۆغان خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بە ئەنجامگەیشتنی گۆڕینەوەی دیلەکان لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە کە ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکەن.
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوە کردووە کە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا لە رێگەی دەریای رەشەوە کاری کردووە و دەکرێت رێککەوتنێکی هاوشێوە لەبارەی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا بکرێت و پێشنیازی نێوەندگیری و ئاسانکاری پێویست بکرێت بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ناسەربازیی لە دەوری وێستگەکە.
هەروەها ئەردۆغان باسی لەوە کردووە کە تاک لایەنە سازکردنی ریفراندۆم لە هەندێ ناوچەی ئۆکراینا کە لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی پرۆسەی دیپلۆماسیی سەخت دەکات و ئامادەیی خۆیشی نیشان دا بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتیوانییەکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی جەنگ بە رێگای ئاشتییانە.