Rawan Subhi Obaiullah
14 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2025
دھۆک - AA
سەفەری نان و ماست یان سەردانی نان و ماست، لای ئێزدییەکان ڕێوڕەسمێکی کولتوورییە، ساڵانە لە یەکی ئادار ئەنجام دەدرێت و تا مانگی نیسان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەموو ئێزدییەکان بتوانن سەردانی لالش بکەن و بەشداری لەو ڕێوڕەسمەدا بکەن.
ڕێوڕەسمەکە بە "سەفەری نان و ماست – سەردانی نان و ماست" ناسراوە.
لەوێ خەڵکەکە نان دەخۆن و نان دەبەخشنەوە و دوعا و نزا بۆ ھاتنەدی ئاواتەکانییان دەکەن.
یەکێک لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمی نان و ماست بە ناوی شیرین خەلیل لە پەرستگای لالش لە لێدوانیکی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لێرەین نزا بۆ دراوسێ و کەسوکارمان و ھەموو جیھان دەکەین بۆ ئەوەی تا لە نەھامەتی دووربن".
شیرین خەلیل گوتیشی: "ھەموو ساڵێک ئێمە لەم کاتەدا لێرەین و نان و ماست و خێری خۆمان دەهێنین و منداڵەکانیش بەشداری دەکەن، لەو پەرستگایە نزا دەکەین".
بەشداربوویەکی دیکە، بەناوی فەرمان نەمر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "خەڵکی گوندەکان ھەر یەکێک ڕۆژێک دیاری دەکات بۆ بەشداری لە گەشتی نان و ماست بکەن و دێنە لالش، ئێمە خەڵکی گوندی بێرستەکین سەر بە قەزای شێخان، ئەمڕۆ ھەشت گوند بەشداربووینە پێکەوە".
لە ڕێوڕەسمەکەدا پیر و لاو و منداڵانی ئێزدی هەمووی سەردانی پەرستگاکەیان دەکەن و بەدەم خوێندنەوەی سروودە ئاینییەکان، نزایان کرد.
ئێزدییەکان باوەڕیان وایە، ئەوە سەفەرەیان دەربڕینی خواست و مرازیانە و بۆ دەستخستنی پێویستە لە لالەش بچنە سەر ئاوی سپی و خێر بکەن.
بۆیە دەستە دەستە ئێزدییەکان بە لەدەستگرتنی ئەو خێر و خێراتانەی هێناویانە، دەچنە پەرستگای لالەش.
فەرمان نەمر لەبارەی چۆنییەتی بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمەدا دەڵێت: "خەڵکی گوندەکان ھەریەکە و بەگوێرەی توانای خۆیان خۆراک دەکەنە خێر، وەک ئارد، زەیت، شەکر و ھەر خواردنێک ھەبێت دەکرێتە خێر".
پەرستگای لالش گرنگترین شوێنی پیرۆزی ئێزدییەکانە و دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی لە قەزای شێخان بە دووری ٦٠ کم لە باکووری خۆرھەڵاتی شاری مووسڵ و تەواوی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی ئێزدی لێ ساز دەکرێت.