Dmitri Chirciu
05 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2021
مۆسکۆ - AA
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە نیگەرانن لە ناسەقامگیری دۆخی ئەفغانستان.
دمیتری پێسکۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە مۆسکۆ باسی لەوە کرد کە نیگەرانن لەو رەوشەی لە ئەفغانستان دروست بووە و گوتی: "بەدڵنیایییەوە پاش کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ئەفغانستان دوایین رەوشی ئەو وڵاتە ئێمە نیگەران دەکات. زۆر بە وریایییەوە چاودێری بابەتەکە دەکەین و دەبینین کە بەداخەوە رەوشەکە ناسەقامگیر دەبێت".
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ هەڵسەنگاندنی بۆ ئەگەری ناردنی یەکەی سەربازی رووسیا کرد بۆ ئەفغانستان و باسی لەوە کرد کە لەگەڵ حکوومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا راوێژ لەبارەی ئەو بژاردەیەوە نەکراوە.
دمیتری پێسکۆڤ سەبارەت بە رەوانەکردنی یەکەی سەربازیی زیادەی رووسیا بۆ سنووری تاجیکستان-ئەفغانستان رایگەیاند ''ناتوانم شتێک بڵێم لەبارەی ناردنی یەکەی زیادە. رەوشەکە بە ئاراستەی باش بەرەوپێش ناچێت. بەپێی پێشبینیەکان بڕیاری پێویست لەلایەن پاسەوانانی سنوورمانەوە دەدرێت''.
ئەمریکا لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٠دا لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، رێککەوتننامەی ئاشتیی لەگەڵ تاڵیبان واژوو کرد و بەڵێنیدا بە تاڵیبان کە تا یەکی ئایاری ٢٠٢١ تەواوی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان بکشێنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە ١٤ی نیساندا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازەی ئەمریکا کە لە ئەفغانستان ماونەتەوە تا ١١ی ئەیلوول هەموویان دەکشێننەوە، تاڵیبانیش ئەمریکای بە پێشێلکردنی رێککەوتننامەکەی دۆحە تۆمەتبار کرد.
هاوکات گفتوگۆکانی نێوان لایەنەکانی ئەفغانستان کە لە ئەیلوولی ٢٠٢٠دا لە دۆحە دەستیان پێ کرد هێشتا پێشوەچوونێکی بەرچاوی بەخۆوە نەبینیوە.
- رووداوە توندوتیژیەکانی ئەفغانستان درێژەیان هەیە
لە کاتێکدا لە ئەفغانستان نادیاری پرۆسەی ئاشتیی بەردەوامە؛ لە لایەکی دیکەوە هێرشەکان درێژەیان هەیە.
تاڵیبان لە ویلایەتەکانی بەدەخشان، تاخار، غەزنی و وەردەک هێرشەکانی چڕ کردووەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە دەستی کەوتووە، تاڵیبان لە کۆی ٤٠٧ شارۆچکە کۆنترۆڵی زیاتر لە ١٥٠ ناوەندیانی بەدەستەوەیە، بەڵام تاڵیبان باس لە کۆنترۆڵی زیاتر لە ٢٠٠ سەنتەری شارۆچکە دەکات.
هێشتا تاڵیبان دەستی بە هێرش نەکردووە بۆسەر سەنتەری ویلایەتەکان.