Muhammet Torunlu
28 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2023
جنێڤ – AA
گوتەبێژی سندوقی منداڵان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (Unicef) جەمیس ئیلدەر ڕایگەیاند کە بەرلەوەی لێکتێگەیشتنی ڕاگرتنی مرۆیی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حەماس-دا ڕابگەیەندرێت، سەردانی کەرتی غەززەی کردووە و بۆی دەرکەوتووە دۆخی کەرتی غەززە، لەوە خراپترە کە پێشبینی دەکرد.
جەمیس ئیلدەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتێک سەردانی کەرتی غەززەم کرد تووشی شۆک بووم، کاتێک ئەو وێرانکاریی و دڵەڕاوکییەی خەڵکم لەوێ بینی کە ڕووبەڕووی شەڕێکی کوشندە بووەنەتەوە، ھەروەھا ئیسرائیلیش پێداویستییەکانی کارەبا، ئاو، خۆراک و سووتەمەنی لە دانیشتووانی کەرتی غەززە بڕیوە".

لە ڕۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەمەوە، لیواکانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس لە کەرتی غەززەی گەمارۆدراو، دەستپێکردنی ھێرشێکیان بە ناوی "گەردەلوولی ئەقسا" دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند و لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بە ناوی جەنگی "شمشێری پۆڵایین" بە دەیان فڕۆکەی جەنگی ھێرشی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانە ڕاگەیاند، کە لە کەرتی غەززەی گەماڕۆدراوەوە ئاراستەی دەکرێت.
ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، زیانێکی زۆری گیانی و ماددەی لێکەوتەوە.
گوتەبێژی یونیسێف ئاماژەی بەوەیشدا کە بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە، زیانێکی زۆر بە باڵەخانە و نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە کەوتووە، تەنانەت خەڵکێکی زۆریش ئاوارەبوون و بە ناچاری لە دۆخێکی سەختدا ژیان بگوزەرێنن.

گوتیشی: "دۆخێکی کارەساتبار لە غەززە ھەیە و زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس ئاوارەبوون، پێویست بوو ئێستا منداڵان لە کەرتی غەززە لە قوتابخانە بخوێنن، بەڵام ئێستا زۆربەیان لەگەڵ کەسوکاریان ئاوارەبوون".
ڕاشیگەیاند کە ھێشتا گەیشتن بە باکووری کەرتی غەززە زۆر قورسە و ئاماژەی بەوەیشدا کە بەھۆی کێشە ئەمنییەکانەوە ناتواندرێت، کاروانەکانی (فریاگوزاری) وەک پێویست بگەیەندرێنە کەرتی غەززە.
گوتیشی: "خەڵکی غەززە، ئەوەندە بەخشندە و سەربەرزن، دەرگاکانیان بەڕووی ھەر کەسێکدا دەکەنەوە، ئێستا خەڵکێکی زۆر لە کەرتی غەززە لە کەشوھەوایەکی ساردا لە دەرەوەی ماڵەکانیان دەژین و ئێستا ئەوان پێویستیان بە پاڵپشتی زیاتر ھەیە".

جەختیشی لەوە کردووە کە پێویستە لێکتێگەیشتنی ڕاگرتنی مرۆیی شەڕ درێژ بکرێتەوە، لە پێناو گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و گوتی: " دانیشتووانی کەرتی غەززە، بە تایبەتی منداڵان پێویستیان بە دۆخێکی ئارام ھەیە، لە ئێستادا، یەک ملیۆن منداڵ بەدەست فشاری دەروونییەوە دەناڵێنن، منداڵانی غەززە کاتێک لە ماڵەکانیان دوور بن و لە کەمپەکاندا لە سەرما و بێ دەستگەیشتن بە پێدوایستییە سەرەکییەکانیان، ناتوانن لە دۆخێکی ئارامدا بژین".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "پێشبینی ئەوەم نەدەکرد دۆخەکە بەم شێوەیە خراپ بێت کە ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانە، شەقام و خانووەکان لە کەرتی غەززە خاپوورکراون، منداڵێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە، خێزانەکان ئاوارەبوون، هەروەها منداڵێکی زۆریش دایک و باوکیان لەدەستداوە، بۆیە دۆخی کەرتی غەززە لەوە خراپترە کە پێشبینیم دەکرد".

جەمیس ئیلدەر دووپاتیشی کردەوە کە خۆشحاڵە، بەوەی لێکتێگەیشتنی ڕاگرتنی مرۆیی شەڕ لە غەززە، بۆ دوو ڕۆژی دیکە درێژکراوەتەوە.
ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە لێکتێگەیشتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمریکا بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان و ڕاگرتنی مرۆیی شەڕ لە غەززە ڕاگەیاندرا، چووە واری جێبەجێکردنەوە.
لێکتێگەیشتنەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل شەوی ڕابردوو کۆتایی ھات، بەڵام بۆ دوو دیکە درێژ کرایەوە.
