Sarmand Hameed
02 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، جێبەجێکردنی چاکسازی، بابەتێکە پێویستی بە پشوو درێژی و ئیرادەیەکی بەهێز هەیە و پێویستی بە هەندێک کاتیش هەیە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەو بەرنامانەی کە لە کارنامەی حکوومەتدا پێشکەشمان کردن، جێبەجێیان بکەین.
مەسرور بارزانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی فەیس بووک و ئینستاگرام وەڵامی بەشێک لەو پرسیارانەی دایەوە کە هاووڵاتییان ئاراستەیان کردووە.
مەسرور بارزانی لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: "پێش ماوەیەک داوام لە ئێوە کرد لەسەر ئەو بابەتانەی بەلای ئێوەوە گرنگە ئەگەر پرسیارتان هەیە راستەوخۆ لە رێگەی سۆشیال میدیاوە ئاراستەی ئێمە بکەن و منیش بەپێی توانای خۆم وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "بە سوپاسەوە زیاتر لە ٤٥ هەزار پرسیارمان بۆ هاتووە، زۆر لەو پرسیارانە وەکو یەکن، بگرە لەسەر یەک بابەت زۆر پرسیار کراوە، ئێمە بابەتەکانمان پۆلێن کردووە و کردوومانەتە چەند تەوەرێک، هەوڵ دەدەم وەڵامی هەندێک لەو پرسیارانە ئەمڕۆ و دواتریش وەڵامی چەند پرسیارێکی دیکە بدەینەوە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە کەی یاسای چاکسازی جێبەجێ دەکرێت، دەڵێت: "چاکسازی بابەتێکی گرنگە و ئاسان نییە، لەسەرەتای ئەم کابینەیە لە کارنامەی حکوومەتیشدا ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە چاکسازی بەشێکی هەرە گرنگی کارنامەی حکوومەتی ئێمە دەبێت، لەسەرەتادا دەستمان بە زۆر شت کرد و هەنگاوی باشیش هاوێژرا، دوای ئەوەش یاسای چاکسازی ئامادە کرا و رەوانەی پەرلەمان کرا،دوای ئەوەی رەزامەندی پەرلەمانی لەسەر وەرگیرا ئێستا بەرنامەی چاکسازی ئامادەیە کە وەک کارنامەی حکوومەت بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
مەسرور بارزانی دەڵێت "چاکسازی کارێکی ئاسان نییە، راستە داواکاری زۆربەی خەڵکی کوردستانە، بەڵام خەڵکیش هەن لەوانەیە بەرژەوەندییان هەبێت، ئەوانە دەکرێ رێگری بکەن یان ئاسانکاری نەکەن و هاوکار نەبن بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی، ئەمە بابەتێکە پێویستی بە پشوو درێژی هەیە، پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە و پیویستی بە هەندێک کاتیش هەیە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەو بەرنامانەی کە لە کارنامەی حکوومەتدا پێشکەشمان کردن، جێبەجێیان بکەین".
راشیگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی کابینەی نۆیەمدا چاکسازی وەک کاری سەرەکی ئەم حکوومەتە بووە و دەستیان پێکردووە و هەنگاوی باشیش هاوێژراوە، بەڵام هەندێکیش ماوە کە کاتی دەوێ بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی چاکسازیدا.
مەسرور بارزانی گوتی: "کەواتا دەستمان پێکردووە، ئەوە نەبێت کە دەستمان پێنەکردبێت. ئێمە لەو ماوەیەدا زۆر شتمان کردووە، بۆ نموونە نەهێشتنی گەندەڵی یان نەهێشتنی دیاردەی بەرتیل وەرگرتن و رەشوە دان، ئەمە بابەتێکی سەرەکییە لە چاکسازییدا".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی چاکسازیی لە خەرجییەکانی حکوومەت کرد و گوتی: "لە بواری خەرجییەکانی حکوومەت کاری باشمان کردووە، زۆربەی ئەو خەرجییانەی حکوومەت کە پێویست نەبوون، لامانداوە یان کەممان کردووەتەوە".
مەسرور بارزانی لەبارەی داهاتی ناوخۆوە گوتی: "هەوڵمان داوە داهاتی ناوخۆ بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکەین. لەو ماوەیەدا جیا لەوە هەوڵمانداوە سەرچاوەی تری داهات دروست بکەین، هەر بە رێکخستنەوەی ئەو داهاتەی لە حکوومەتی هەرێم هەبووە داهاتی ناوخۆ دوو ئەوەندە زیادی کرد".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەو ئاستەنگانە کرد کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتووەنەتە ئاراوە و گوتی: "بەڵام بەداخەوە لەو ماوەیەدا تووشی چەند قەیرانێکی دیکە بووین، بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم و لە جیهانیش وایکرد پەکی ئابووری زۆربەی زلهێزەکانیش بخات، بێگومان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستانیش هەبووە، داهاتی نەوت کەمبوویەوە، داهاتی ناوخۆ کەمبوویەوە، ئەمە وایکرد تا ئاستێکی زۆر کێشەمان بۆ درووستبکات لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە چاکسازییانەی کە هەمانبووە".
مەسرور بارزانی رووی قسەکانی ئاراستەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "سەرەڕای ئەوەش ئێمە بەردەوام دەبین لە چاکسازیی دارایی، چاکسازی ئیداری و لەو ریفۆرمانەی پێشکەشمان کردوون لەسەر هەموو ئەوانە بەردەوام دەبین، حەز دەکەم پشووتان درێژ بێت، دڵنیاتان دەکەمەوە لەگەڵ ئێوە دەمێنمەوە هەرچەندە کارێکی ئاسانیش نییە بەڵام من لەگەڵتان دەبم و بەردەوامیش دەبین لە جێبەجێکردنی چاکسازی لە هەموو ئاستەکاندا".
مەسرور بارزانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەگەر لە ژیانێکی ئاسایی و دوور لە سیاسەت بووای حەزت دەکرد ببی بەچی دەڵێت: "حەزم لە شێوەکارییە، ئێستاش بەپێی کات و دەرفەت کاری شێوەکاری دەکەم و زۆریش حەزم لە سرووشتە بۆیە بێگومان لە ژینگەپارێزیش کارم دەکرد و وەک پێشە حەزم دەکرد وەک ژینگەپارێز کار بکەم".
لە وەڵامی پرسیاری کەسێک کە وەک شاخەوانی ئاراستەی کردووە و تیایدا داوای کردووە کە رۆژێک لەگەڵ تیمی شاخەوانی بەشداربێت لە پاککردنەوەی بۆ پاراستن و جوانی سرووشت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ ئەو کارە و رایگەیاند کە لە بەرنامەیدا بووە ئەو کارە بکات، بەڵام بەهۆی نالەباری باردۆخ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوە کارەی دواخستووە و لە داهاتوودا هەوڵ دەدات لەگەڵ ئەم تیمە شاخەوانییە بەشداریی بکات لە پاککردنەوەی ژینگەدا.
جێی ئاماژەیە ماوەیەک بەر لە ئێستا سهرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی له ههژماری خۆی له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان، لە پۆستێکدا داوای له هاووڵاتییان كردبوو پرسیاری لێبكهن بۆ ئهوهی وهڵامیان بداتهوه.
مهسرور بارزانی له پۆستهكهیدا كه له ههردوو تۆڕی كۆمهڵایهتیی فهیسبووک و ئینستاگرام، به ههریهک له زمانهكانی كوردی، عهرهبی و ئینگلیزیی بڵاویكردبووهوه، داوایكردبوو له رێگهی هاشتاگی #لێم_بپرسە پرسیارهكانی ئاڕاسته بكرێت و نووسیبووی "ههوڵ دهدهم له ماوهیەکی نزیکدا بەڕێگەی ڤیدیۆ وهڵامی ههندێک له پرسیاره باوهكان بدهمهوه".
پێشتر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پۆستێکدا کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە سوپاسی هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کرد کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە پرسیاریان ئاراستەکردووە و رایگەیاندبوو، لە دوای پۆلێن کردنی پرسیارەکان بەجۆرێک وڵامەکانی رێکدەخاتەوە کە بتوانێ وەڵامی زۆرینەی پرسیارەکان بداتەوە.
مەسرور بارزانی ، نووسیبووی: "سوپاسی زۆرم بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کە بە رێگای سۆشیال میدیا پرسیاری جۆراوجۆریان ئاراستەی ئێمە کردووە".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردبووە کە بە دەیان هەزار پرسیاری لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات پێگەیشتووە و رایگەیاندبوو "خۆزگەم دەخواست بتوانم یەک بە یەک وەڵامی گشت خۆشەویستان بدەمەوە بەڵام رێژەی پرسیارەکان لە رادەبەدەرن و ئەمەش نیشانەی پەرۆشی هاووڵاتییانمانە بۆ زانینی پلان و بەرنامەی حکوومەت".
سهرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەروەها نووسیبووی "خۆشبەختانە زۆربەی هاووڵاتییانمان پرسیارەکانیان لەبارەی چەند پرس و بابەتی دیاریکراوە، بۆیە لە دوای پۆلێن کردنیان بەجۆرێک وڵامەکانم رێکدەخەمەوە کە بتوانم وەڵامی زۆرینەی پرسیارەکان بدەمەوە".