Sarmand Hameed
10 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، رێککەوتننامەی ١١ی ئازار، وانە و پەندێکی مێژووییی گرنگە بۆ لایەنە سیاسی و پێکھاتەکانی عێراق کە ھەمیشە بژاردەی دیالۆگ، لێکگەیشتن، رێزلەیەکگرتن و باوەڕی بە مافەکانی یەکتر، تاکە رێگەی دروستە بەرەو ئاشتی و ئایندەیەکی گەش.
نێچیرڤان بارزانی لە بیرەوەری ساڵیادی رێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠دا پەیامێکی بڵاوکردەوە.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە "ئەمڕۆ نیو سەدە بەسەر واژۆکردنی رێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠دا لەنێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و حکوومەتی ئەوسای عێراقدا تێدەپەڕێت. ئەم ڕێککەوتنە دەستکەوتێکی گرنگی ئەو شۆڕشە مەزنە و بەرھەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان بووە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر لەپێناو مافە ڕەواکانیدا، ھەر ئەو ڕێککەوتنەش بووە بەردی بناغەی ھەموو ئەو دەسکەوتانەی دواتر بۆ گەلەکەمان ھاتنەدی".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا ھاتووە "یادکردنەوەی رێککەوتننامەی ١١ی ئازار، رێزگرتنە لە مێژووی تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی. ئەم رێککەوتنە بەڵگەی راستیی باوەڕی گەلی کوردستانە بە رێگەچارەی ئاشتیانە لە ھەر کێشە و ململانێیەکدا، ھاوکات وانە و پەندێکی مێژووییی گرنگیشە بۆ لایەنە سیاسی و پێکھاتەکانی عێراق کە ھەمیشە بژاردەی دیالۆگ، لێکگەیشتن، رێزلەیەکگرتن و باوەڕی بە مافەکانی یەکتر، تاکە ڕێگەی دروستە بەرەو ئاشتی و ئایندەیەکی گەش".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە "ھەر لەم بۆنەیەدا جەخت لە سەر ھەڵوێستی چارەسەرخوازانەی خۆمان دەکەینەوە و بە ئومێدین دۆخی عێراق بەرەو سەقامگیریی سیاسی ھەنگاو بنێ، لەو پێناوەشدا وەک ھەمیشە ئامادەی ھەموو ھاوکاری و پشتگیرییەکین".