Rawan Subhi Obaidullah
31 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2023
دھۆک - AA
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگاری دھۆک، پیر دەیان جەعفەر رایگەیاند، بە هاوکاری رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، ئەمڕۆ ٣٩ خێزانی دیکەی ئاوارەکانی شنگال کە لە کەمپی بێرسڤێ یەک دان، دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە شنگال و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستاش شنگال لەڕووی ئەمنییەوە پارێزراو نییە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگاری دھۆک لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی بەرنامەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) کرد و گوتی: "ئەم رێکخراوە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢١ دەستی بە بەرنامەکەی کردووە، چاوپێکەوتنی لەگەڵ نزیکەی ٩٠٠ خێزانی ئاوارەی شنگال کردووە کە ٧٠٠ خێزان ناوی خۆیان تۆمارکردبوو کە بگەڕێنە سەر زێدی خۆیان، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی گواستنەوەی ئاوارەکان لە کەمپی بێرسڤێ یەک دەست پێ دەکات کە ٣٩ خێزانن و رێکخراوەکە ھاوکاری داراییان دەکات و لە شنگالیش خانووەکانیان بۆ نۆژەن دەکەنەوە، ھەروەھا ھەلی کاریان بۆ دابین دەکات، ئێمە داواکارین رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و ھەموو ئاوارەکان بگەڕێنە زێدی خۆیان و ئێمە بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانیان دەکەین".
لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٠ کەمپی ئاوارە و پەنابەران ھەیە کە ١٥یان خەڵکی دەڤەری شنگالی تیادان، ژمارەی ئەو ئیزدیانەی کە ئاوارەن و لەناو کەمپدا دەژین ١٣٥ ھەزار و ٦٨٧ کەسن کە دەکاتە ٢٦ ھەزار و ٨٧٨ خێزان، ھەروەھا لە دەرەوەی کەمپ ١٨٩ ھەزار و ٤٠١ کەس کە دەکاتە ٣٨ ھەزار و ١٥٦ خێزان، کۆی گشتی دەکاتە ٣٢٥ ھەزار و ٩٦ کەس کە دەکاتە ٦٥ ھەزار و ٣٤ خێزان.
لە سنووری زاخۆ چوار کەمپی ئاوارەکانی شنگال ھەن، کەمپی بێرسڤێ یەک کە تیایدا ھەزار و ١٩ خێزان کە لە پێنج ھەزار و ٩٨ کەس پێکدێن نیشتەجێن، کەمپی بێرسڤێ دوو کە تیایدا ھەزار و ٤٣١ خێزان کە لە حەوت ھەزار و ١٢ کەس پێکدێن نیشتەجێن، کەمپی دەرکار کە تیایدا ٦٣٧ خێزان کە لە سێ ھەزار و ٣٢٨ کەس پێکدێن دەمێننەوە و کەمپی چەم مشکۆ کە چوار ھەزار و ٣١٠ خێزان کە لە ٢١ ھەزار و ٥٥١ کەس پێکدێن، دەمێننەوە کە بەهۆی بوونی رێکخراوە نایاساییەکانەوە، سەرەڕای ئەوە لە تشرینی دووهەمی ٢٠١٥ەوە رزگارکردنی شارۆچکەکە راگەیەندرا، تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگاری دھۆک سەبارەت بە بڕگەیەکی کارنامەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کە دەبێت ئاوارەکان لە ماوەی شەش مانگدا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان ئاماژەی بەوەدا، ئەم بڕیارە وەکو فشارێک و سزادانێکی بە کۆمەلە کە بەسەر خەڵکی شنگالدا دەسەپێنن و گوتی: "بەداخەوە ئەمە نۆ ساڵە ئێزدییەکان ئاوارەی کەمپەکان بوون و رۆژ بۆ رۆژ حکوومەتی عێراق بڕیاری خراپ دەردەکات، پێویستە خەڵکی شنگال ئازاد بێت، چونکە تاوەکو ئێستاش شنگال لەڕووی ئەمنییەوە پارێزراو نییە، بەھۆی ئەو دۆخەی کە ھێزە ناشەرعییەکان لە شنگال دروستیان کردووە ئاوارەکان دەترسن بگەڕێنەوە".
تاوەکو ئێستا تەنھا نزیکەی لەسەدا ٣٠ی ئاوارەکانی شنگال گەڕاونەتەوە زێد و شوێنی خۆیان و ھێشتا لەسەدا ٧٠ی ئێزدییەکان لە دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان دەژین و نەگەڕاونەتەوە و زۆربەیان لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دھۆک نێشەجێن.