Heman Hussein Yaseen
07 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2026
ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ کەسوکاری ئەنفالکراوان، دادگاییکردنی فەرماندەیەکی پێشووی بەعس و بەرپرسی ئەشکەنجەدان لە زیندانی نوگرە سەلمان بەناوی عەجاج، لە بەغدا بەرێوەدەچێت.
لە دانیشتنەکەدا ٢٢١ هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان وەک شایەدحاڵ لە دادگا ئامادەدەبن و ئەو شاهێدانە لەمیانی پڕۆسەی ئەنفالدا لە زیندانی نوگرە سەلمان ئەشکەنجە و ئازاری دەستی ئەو تۆمەتبارەیان چەشتووە و لە نزیکەوە تاوانەکانییان بە چاوی خۆیان بینیووە.
عەجاج کە فەرماندەیەکی سەربازی بووە لە زیندانی نوگرەسەلمان و بەوە ناسراوە کە شێوازی توند و قێزەونی ئەشکەنجەدانی بەکارھێناوە، لەوانە ھێشتنەوەی زیندانییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی گەرمای بەھێزی بیابانەکانی سەماوە و برسییکردنی ژن و منداڵان و شاهێدەکان مردنی کەسوکاری خۆیانییان بینیووە کە چۆن لە برسا گیانییان دەرچووە.
عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، بە "جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان" ناسرابوو، یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە و یەکێکە لە تێوەگلاوانی پڕۆسەی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ و بەرپرس بووە لە ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییانی مەدەنی.
عەجاج، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕووی لە سووریا کرد و لە ناوچەی جەرەمانە لە نزیک دیمەشق نیشتەجێ بوو، دوای ٣٧ ساڵ لە تاوانەکانی جینۆسایدکردن و ئەنفالکردنی هاووڵاتییان، لە ٣١ـی تەممووزی ٢٠٢٥ لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیر کرا.
ئەودەم دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بەوە کردبوو، کارەکانی عەجاج بریتیبوون لە ئەشکەنجەدان، کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی ھاووڵاتییان ھەروەھا دەستدرێژی کردووەتە سەر ئافرەتە دەستگیرکاوەکانی بەندیخانەکە.
بەپێی زانیارییەکان بڕیارە ئەمڕۆ دادوەر بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسییەکەی عەجاج بدات چونکە پێشتر چەندجارێک گوتەی لێ وەرگیراوە و دانی بەو تاوانانە دا ناوە کە لە زیندانی نوگرە سەلمان دژ بە هاووڵاتییان ئەنجامی داوە.