Zana Natık Kerem
02 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2022
ھەولێر ــ AA
دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، ٢٤ تیرۆریستی داعش کوژراون و ٧١ی دیکەیش دەستگیرکراون.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیەندراوێکدا، ئاماری ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە ھێزەکانی دژەتیرۆر لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجامیانداوە بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە کە ھێزەکانی دژەتیرۆر لە یەکی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا، ١٤٠ ئۆپەراسیۆنیان لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق، بۆسەر پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجامداوە.
ئاماژە بەوەیش دراوە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، ٢٤ تیرۆریستی داعش کوژراون و ٧١ی دیکەیش برینداربوون.
ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ھەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، ٤١٤ ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق، بۆسەر حەشارگەکانی داعش ئەنجامدراون و لە ئاکامدا، ٢٩ حەشارگە خاپوورکراون.
باسی لەوەش کردووە کە ئەم ئامارە، ئامارێکی فەرمییە و لەلایەن ھەریەک لە ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان پەسەندکراوە.