Sarmand Hameed
27 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2023
هەولێر - AA
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی سەردانی سلێمانی دەکات.
نووسنگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بڵاوی کردەوە، لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە قاسم ئەعرەجی بە سەرۆکایەتی شاندێکی ئەمنی سەردانی سلێمانی دەکات.
لە بارەی ئامانجی سەردانەکە، ئەوە ئاشکرا کراوە کە ئامانج لە سەردانەکە بۆ بەداواچوونی رێککارەکانی پرۆتۆکۆلی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانە.
لە راگەیەندراوەکە هیچ وردەکاریی و زانیارییەکی دیکە لەبارەی سەردانەکەی قاسم ئەعرەجی بۆ سلێمانی نەخراوەتەڕوو.
لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی پرۆتۆکۆلێکی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان عێراق و ئێران واژوو کرا کە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی بە نوێنەرایەتیی عێراق و سکرتێری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، عەلی شەمخانی بە نوێنەرایەتیی ئێران واژوویان کرد.