Zana Natık Kerem
04 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2025
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ھەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ، بۆ ئەوەی عێراق نەبێت بە گۆڕەپانی جەنگ.
محەمەد شیاع سوودانی لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، محەمەد باقر حەکیم کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا ڕایگەیاند کە محەمەد باقر حەکیم کەسایەتییەک بوو کە بەردەوام لە خەمی نیشتمان و گەلدا بوو و بوێرانە ڕووبەڕووی ڕژێمی دڕندە ببووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد: "ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ناوچەکەمان پێشکەوتنی گرنگی بەخۆوە بینیوە و لە ئەنجامدا گۆڕانکاری سیاسی گەورەی لێکەوتووەتەوە".
جەختی لەوەش کردووە کە ھەر لەسەرەتای ڕووداوەکانی سووریا، عێراق لایەنگریی ھیچ لایەن و گرووپێکی نەکردووە و گوتی: "تەنھا سوورییەکان، بڕیار لەسەر چارەنووسی وڵاتەکەیان دەدەن".
ھەروەھا تیشکی خستەسەر ئەوەی کە کەسانێک ھەوڵیاندابوو، لەوەی گۆڕانکارییەکانی سووریا ببەستنەوە بە گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە عێراق کە ئەمەش مایەی قبوڵکردن نییە و گوتی: "ئێمە سیستەمێکی دیموکراسی فرەییمان ھەیە کە ھەمووان لەخۆدەگرێت، گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات مسۆگەر دەکات، ھەروەھا ڕێگا بە چاکسازی و ڕاستکردنەوەی ناھاوسەنگییەکان دەدات لە ژێر چەتری دەستوور و یاسادا".

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە، "ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە، گۆڕانکاری و چاکسازییمان بەسەردا بسەپێنێت، چی لە بواری ئابووریدا بێت یا ئەمنی، و لەھەمان کاتدا ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە پێویستمان بە پرۆسەی چاکسازیی ھەیە لە جومگە جیاجیاکاندا".
گوتیشی: "پێویستە پێداچوونەوە بە دەستکەوتەکانمان بکەین بەتایەتیش کە دەستکەوتەکانیش گەورەتر و زیاتر دەبن، چونکە سیستمێکی سیاسیمان لەسەر بنەمای دەستوورێک دامەزراند، کە نوێنەرایەتی ھەموو عێراقییەکان دەکات".
محەمەد شیاع سوودانی ڕاشیگەیاند کە لە ماوەی دوو ساڵدا، پێشکەوتنی گرنگمان بەدەستھێناوە کە لە پێوەرەکان و پوختەی ئەدای حکوومەت دەردەکەوێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "تا ئێستا ڕێژەی لەسەدا ٦٠ی بەرنامەی حکوومەتەکەمان تەواوکردووە کە لە میانیدا، چاکسازییمان لە بوارەکانی کارگێڕی و ئابووری ئەنجامداوە".
ڕاشیگەیاند: "لەنێو بەرنامەی حکوومەتەکەماندا، چەندین خاڵی گرنگمان تەواوکردووە، وەک ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، سەرژمێری گشتی دانیشتووان، ھەروەھا ڕێکخستنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش و داڕشتنی بنەمای پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان".
باسی لەوەش کرد کە بەردەوامن لە ئەنجامدانی چاکسازیی لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا، ئەوەش لەڕێگای لیژنەیەکی باڵاوە کە پێکھێنرا و گوتی: "نەخشەڕێگایەکمان بۆ بەدیھێنانی ئەم چاکسازییە داڕشتووە کە گونجاوە لەگەڵ ئەو چاکسازییە ئابووری و کارگێڕییەی کە ئێمە ئەنجامی دەدەین".
گوتیشی: "پەرۆشین بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ھەموو وڵاتان، بەپێی پرەنسیپی (دیپلۆماسی بەرھەمدار) و دەستپێکردنی ھاوبەشی ئابووری و گەشەپێدان کە عێراق بکاتە خاڵی کۆبوونەوەی بەرژەوەندییەکان نەک ململانێ و پێکدادان".
ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ھەوڵیانداوە، بۆ ئەوەی عێراق نەبێت بە گۆڕەپانی جەنگ.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشێکی قسەکانی بۆ دۆخی کەرتی غەززە تەرخان کرد و گوتی: "ئێمە زیاتر لە جارێک ئامادەیی خۆمان دووپات کردۆتەوە بۆ کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی خەڵکی غەززە، ھەروەھا ھەڵوێستی خۆمان نیشانداوە سەبارەت بەو جەنگە وێرانکەرەی کە لوبنان ڕووبەڕووی بووە".
ڕاشیگەیاند کە داوا لە وڵاتانی جیھان دەکەین بەپەلە یارمەتی ھاووڵاتیانی غەززە و لوبنان بدەن چوونکە لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین".
محەمەد شیاع سوودانی لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتی: "جەخت لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و پتەوکردنی یەکڕیزی و ھاوخەباتی نێوان گەلانی وڵاتەکەمان دەکەینەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت".
لە ٢٩ی ئابی ٢٠٠٣دا لە ئاکامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف، محەمەد باقر حەکیم کوژرا.