Zana Natık Kerem
21 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2023
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید لەمیانی پەسەندکردنی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی رایگەیاند کە پێویستە حکوومەت لەسەر بنەمای لۆژێک، خەرجییەکانی دیاری بکات، هەروەها کار بکرێت بۆ پاراستنی سامانی گشتیی و پەرەپێدان بە ھەمەجۆرکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبدولـلەتیف رەشید یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی پەسەند کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە سەرکۆماری عێراق لەمیانی پەسەندکردنی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی رایگەیاندووە، پەسەندکردنی یاساکە، خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی حکوومەت کە خۆی لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ ھاووڵاتییان دەبینێتەوە لەوانە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک تەندروستیی و فێرکردن، ھەوروەھا نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و ئاماژەی بەوەداوە کە بە پەسەندکردنی یاسای بوودجەی گشتیی، دەتواندرێت ئەو پڕۆژە گرنگە ستراتیجییانە جێبەجێ بکرێن کە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر رەوشی ژیانی رۆژانەی ھاووڵاتییان دەبێت.
عەبدولـلەتیف رەشید جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە حکوومەت لەسەر بنەمای لۆژێک خەرجییەکانی دیاری بکات، هەروەها کار بکرێت بۆ پاراستنی سامانی گشتیی و پەرەپێدان بە ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووریی، لەکاتێکدا عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاریی ئابووریی و ژینگەیی بووەتەوە.
ھەروەھا سەرکۆماری عێراق، ستایشی ئەو ھەوڵانەی کردووە کە لە پێناو پەسەندکردنی یاسای بوودجەی گشتیی خرابوونەگەڕ رایگەیاندووە کە لە یاساکەدا، لایەنە گرنگەکانی لە بەکاربردن و وەبەرھێنان، ھەروەھا دادپەروەریی بەرامبەر کەسە کەمدەرامەتەکان لەبەرچاو گیراوە".
رۆژی ١١ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەند کرد.
قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، بڕی ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینارە.
ھاوکات رۆژی ١٦ی ئەم مانگە، یاسای بوودجەی گشتیی دوای پەسەندکردنی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، رەوانەی سەرۆکایەتی کۆماری کرا، بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت.
چاوەڕان دەکرێت لە رۆژانی داھاتوودا، دوای ئەوەی یاسای بوودجەی گشتیی لەلایەن سەرکۆماری عێراقەوە پەسەند کرا، لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.