Heman Hussein Yaseen
17 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2020
ههولێر - AA
لە چوارەم رۆژی قەدەغەکردنی ھاتوچۆدا، بەشێک لە مارکێت و دوکانەکانی سەوزە و میوە فرۆشتن و نانەواخانەکان لە شاری هەولێر کراونەتەوە، خەڵکی بەئاسانی دەتوانن خواردن و پێداویستی دیکەیان دەست بکەوێت، بەڵام بەشێک لە سەوزە و میوە فرۆشەکان گلەیی لە بەرزبوونەوەی نرخ دەکەن لە عەلوەدا.
یەکێک لە مارکێتەکان کە رێنماییەکانی تەندروستی جێبەجێکردووە و لەگەڵ چوونە ژوورەوەی ھەر کڕیارێک پێویستە دەستەکانی بە ماددەی تایبەت بشوات و دەستکێش لەدەست بکات، خاوەنەکەی ئاماژە بەوە دەکات کە نرخی خۆراک وەک خۆیەتی و بەرزنەبووەتەوە، راشیدەگەیەنێت کە خۆراکێکی زۆر لە کۆگاکاندا ھەیە و مەترسی دروستبوونی قەیرانمان نییە.
خاوەن مارکێتی سۆڤار، ھەژار محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''لەگەڵ ئەوەی کە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ راگەیەنراوە، بەڵام نرخ لە بازاڕ وەک خۆیەتی و خەڵک دڵەڕاوکێی نەماوە، تیمەکانی چاودێری سەردانمان دەکەن و چاودێری بازاڕ دەکەن، رۆژانە کەلوپەل و پێداویستی ھەیە و کێشە دورست نابێت''.
هاوکات سەوزو و میوە فرۆشان گلەییان هەیە لە بەرزبوونەوی نرخ بەراورد بە پێش راگەیاندنی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ و لەمبارەیەوە سەوزەفرۆش ئەسوەد عەزیز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''نرخ بەرەو بەرزبوونەوەیە و ھۆکارەکەی نازانین لە عەلوە بابەتەکان بە رێژەی ١٠٠ تا ٥٠٠ دینار بۆ ھەر کیلۆگرامێک گرانبووە و ئێمەش ناچارین بە گران بیفرۆشینەوە، سەوزە و میوە دێت و ھیچ کێشەی نییە، بەڵام لە عەلوەدا نرخەکەیان بەرز کردووەتەوە''.
ئەسوەد عەزیز گوتیشی: ''خەڵک نیگەرانە لە گرانبوونی بازاڕ و ئێمەش ناتوانین شتێک بکەین، دوو رۆژی رابردوو لەسەر شەقام ئۆتۆمبێلی فرۆشتنی سەوزە و میوە لێی رادەوەستا، بەڵام ئەمڕۆ بەھۆی گرانبوونی نرخەکانەوە، ھیچ ئۆتۆمبێلێک نابیندرێت''.
سەوزە فرۆشێکی دیکە بەھەمانشێوە نیگەرانە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان و لەمبارەیەوە یونس فەتاح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ھەموو شتەکان گران بوون بە نزیکەی ١٠٠ بۆ ٥٠٠ دینار گران بوو، بابەتەکان دێن و ئەوانەی عەلوەکان گرانی دەکەن. لە عەلوەکان پسوولە نادەن بە ئێمە، بۆ ئەوەی لیژنەکانی چاودێری نەزانن بابەتەکانمان لە کوێ کڕیووە''.
رۆژی هەینی رابردوو حكوومهتی ههرێمی كوردستان لەچوارچێوەی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێگهگرتن له بڵاوبوونهوهی جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ماوهی دوو رۆژ، قهدهغهکردنی هاتوچۆی له شارهكانی ههولێر و سلێمانی راگهیاند و دواتر بۆ سێ رۆژی دیکە درێژی کردەوە.