Zana Natık Kerem
30 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ماوەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەتی بۆ دوو مانگی دیکە درێژ کردووە و بۆ ئەو مەبەستەیش داوای لە ھاووڵاتییان کرد، چەکەکانیان لە بنکەکانی پۆلیس تۆمار بکەن.
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵی رابردوو، لەڕیگای کردنەوەی ٩٠ بنکەی تۆمارکردنی چەکەوە، بنکەکانی پۆلیس زیاتر لە ١٧ ھەزار چەکی ھاووڵاتییانیان تۆمار کردووە و پسوولەی تۆماریان بە ھاووڵاتی داوە و لە ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٣دا، یاسای چەک ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٢ کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
راشیگەیاندووە بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی کە ھێشتا چەکی تۆمار نەکراویان لە ماڵەکانیان ھەیە و مەبەستیانە ئەو چەکانە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بەپێی ماددەی ١٢ بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٢ لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ ھاووڵاتییان ھەیە کە خۆیان ھەواڵ بدەن لە ھەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن.
لە بڕگەی یەکەم لە ماددەی ١٢ی یاسای چەکدا ھاتووە "ھەرکەسێک لە ماوەی (٦٠) رۆژ لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، ھەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت لە سزا دەبوردرێت و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لەئێستادا، ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە و مۆڵەتی دەستداری یان ھەڵگرتنی چەکیان نییە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان (ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە) یان لە دیوانی ئیدارە سەربەخۆکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران یان زاخۆ) بکەن و داوای مۆڵەت بکەن بۆ دەستداری یان بۆ ھەڵگرتنی چەک بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن، لەگەڵ پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتنی مۆڵەتی دەستداری یان مۆڵەتی چەک ھەڵگرتن تا وەڵامی داواکارییەکەی دەگرێتەوە، چەکەکەی وەکو چەکێکی ناسراو دەناسرێت و مامەڵەی چەکی قاچاغی لەگەڵ ناکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان داوای لە ھاووڵاتییان کردووە، خۆیان لە ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بپارێزن، چونکە دەسەڵات دراوەتە پۆلیس، ئاسایش و ھێزە ئەمنییەکانی دیکە کە لە ھەبوونی زانیاری دەربارەی چەکی بێ مۆڵەت، رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ھەر پارچە چەکێکی بێ مۆڵەت، ھەڵگرەکەی بەپێی ماددەی ١٥ لە یاسای چەک ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٢ دەدرێتە دادگا و سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی دەدرێت.