Haydar Karaalp
12 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2022
نەجەف – AA
پەشتی نەجەف کە ٢٠٠ ساڵە بە رێگای نەریتی و بە دەست لە شاری نەجەف دروست دەکرێت خواستێکی زۆری لەسەرە.
پەشت کە لەنێو خەڵکدا بە "عەبای عەرەبی" ناسراوە بە رێگای نەریتی لە خوری مەڕ دروست دەکرێت. تایبەتمەندی جیاکەرەوەی ئەم جۆرە پەشتە ئەوەیە بەبێ بەکارهێنانی مەکینەی دوورمان و تەنها بە ئامێری تەونکاری دەستی بەرهەم دەهێندرێت.
ئەم جۆرە پەشتە تەنها لە نەجەف نا، بەڵکو لە وڵاتانی کەنداویش دەفرۆشرێت.
- بەردەوامیدان بە پیشەی باوباپیران
حاجی یەعقوب کازم یەکێکە لە بەرهەمهێنەرانی پەشت بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە نزیکەی ٣٥ ساڵە لەنێو ئەو کارەدایە، گوتی: "لە کاتی جەنگی نێوان عێراق و ئێران هەشت ساڵ سەربازیم کردووە. دوای تەواوبوونی سەربازی دەستم کرد بە کارکردن بەو ئامێری تەونکارییە کە لە باوکمەوە بۆم ماوەتەوە و باوکیشم ئەو پیشەیەی لە باوکییەوە بۆ مابووەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە داواکاری زۆر لەسەر پەشتی نەجەف هەیە و گوتی: "جۆرە پۆشاکێکی مێژووییە، باس لەوە دەکرێت ئەم پیشەیە بۆ سەردەمی پێغەمبەر شیت دەگەڕێتەوە. خستنەبازاڕی پەشتی چینی و ئێرانی کە کوالێتییان خراپە و نرخیان هەرزانە کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر پەشتی رەسەن. بەڵام جگە لە خەڵکی موسڵ و ئەنبار لە وڵاتانی کەنداویش داواکاری لەسەر پەشتی ئێمە هەیە".
- "٢٠٠ ساڵە لە نەجەف پەشت دروست دەکرێت"
سەید جەعفەر جەعفەری کە دەمێکە لەنێو ئەو کارەدایە بە ئاماژەدان بەوەی کە نزیکەی ٢٠٠ ساڵە لە نەجەف پەشت دروست دەکرێت ئاماژەی بەوە دا کە لە نەجەف ٦-٧ شوێنی بەرهەمهێنانی پەشت هەیە و داواکارییەکی زۆر لە سعوودیە، ئیمارات و کوێت لەسەر پەشتی نەجەف هەیە.