Heman Hussein Yaseen
20 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
پارتی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی حزب و لایەنە کریستیانەکان بکات.
بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان بەتایبەت دوای ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی دەست پێ کردووە و لەم چوارچێوەیەش بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، سەردانی ھەریەک لە ئەنجوومەنی گەلی کلدانی، حزبی بەیت نەھرەین، قەوارەی شلاما، بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریانی، رێکخراوی کلد و ئاشووری، حزبی یەکێتیی دیموکراتیی کلدانی، رابیتەی کلدانی و پارتی بەیت نەھرەینی نیشتمانیی بکات.
دوێنێ سێشەممە، شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی ھەریەک لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و حزبی شیوعیی عێراقی کرد و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانییان کردەوە.
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکھاتووە لە سکرتێری مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، فازڵ میرانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، مەحمود محەممەد و ئەندامانی سەرکردایەتی، پشتیوان سادق، عەلی حوسێن و دڵشاد شەھاب.