Zana Natık Kerem
24 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 24 مای,س 2022
ھەولێر ــ AA
لە ئاکامی پەلامارێکی داعش لە باشووری رۆژھەڵاتی پارێزگای کەرکووک، شەش کەس کوژران.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە تیرۆریستانی داعش بەسوود وەرگرتن لە نالەباری رەوشی کەشوھەوا و خۆڵبارین، ھەروەھا لە کاتی دروێنەکردنی گەنمدا، پەلاماری جووتیارانیان داوە لە گوندی سامی عاسی سەربە ناحیەی تازە باشووری رۆژھەڵاتی پارێزگای کەرکووک.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە ئاکامی پەلامارەکەدا، شەش کەس کوژراون، ھەروەھا بەروبوومی گەنمی جووتیارەکان و سێ ئۆتۆمبێل، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە سووتێنراون.
باسی لەوەش کردووە کە ھێزە ئەمنییەکان ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی پەلامارەکە لە ناوچەکە دەست پێ کردووە و جەختیشی کردووەتەوە کە چارەنووسی ئەو تیرۆریستانەی داعش کوشتن دەبێت.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە ماوەکانی داھاتوودا، وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە رادەگەیەنێت.