پرسی چەککردنی گرووپە چەکدارەکان لە عێڕاق، لە ماوەی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە گەرمترین بابەتەکانی شەقامی عێڕاقی و گفتوگۆی سیاسیی و ئەمنیی ئەو وڵاتە. حکوومەتی عێڕاق کۆتایی مانگی ئەیلوولی وەک دوایین وادە بۆ ڕادەستکردنی چەک دیارییکردووە و ھەندێک لە گرووپە چەکدارەکان ئامادەیی خۆیان بۆ دانانی چەک ڕاگەیاندووە، لە بەرامبەردا ھەندێکی دیکە بە توندی ڕەتیان کردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، مەترسییەکانی ئەم پرۆسەیە تەنھا بە چەکدانان کۆتایی نایەن؛ بەڵکو پرسەکانی وەک ڕۆڵی ئێران و ئەمریکا، سەروەریی عێڕاق، دۆخی ئابووریی و ئەمنیی وڵات و ئەگەری ڕووبەڕوونەوەی نێوان گرووپە چەکدارەکان و ھێزەکانی دەوڵەت، ھەموویان بەشێک لە ئاڵۆزییەکان پێکدەهێنن. بۆیە ئەوەی لە دوای کۆتایی وادەی دیاریکراو ڕوودەدات، دەتوانێت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر داھاتووی سیاسی، ئەمنیی و سەروەریی عێڕاقەوە ھەبێت.
دوای ئەوەی لە ١٦ی مانگی ئایاری ئەمساڵ عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق دەستبەکاربوو، بڕیاریدا چەک تەنھا لەدەستی دەوڵەتدا بێت و ھیچ ھێزێکی چەکداریی لە دەرەوەی دەوڵەتدا بوونی نەبێت.
دوای بڕیارەکەی عەلی زەیدی، لیژنەیەکی تایبەتی بە ناوی لیژنەی ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی و تێکەڵکردنیان بە ھێزە ئەمنییەکان پێکھێنرا.
ھاوکات ڕۆژی ٢٧ی مانگی ئایاری ئەمساڵ، سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقتەدا سەدر ھەڵوەشاندنەوەی گرووپی "سەرایا سەلام"ی باڵی چەکداریی ڕەوتەکەی و تێکەڵکردنی بە ھێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت ڕاگەیاند، داواشی کردبوو کە سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی، چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
دوای ئەو ھەنگاوەی موقتەدا سەدر، ھەریەک لە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی لە ١٠ی حوەزیرانی ئەمساڵ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حەشدی شەعبی ھەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاندبوو کە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن و هێزەکانییان دەخەنە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێڕاق.
پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی ڕاگەیاندبوو کە ڕۆژی ٢١ی ئەیلوولی ئەمساڵدا وەک دوایین وادە بۆ ڕادەستکردنی چەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە حکوومەت دیاریکراوە.
لە ماوەکانی ڕابردوودا چوار گرووپی چەکدار لە عێڕاق کە بریتین لە (حزبوڵڵا، نوجەبا، ئەسحابولکەھف و سەرایا ئەولیا دەم) بەھەموو شێوەیەک ڕەتیانکردووەتەوە کە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و ڕایانگەیاندووە: "چەکەکانمان ھیچ ڕۆژێک بژاردەیەک نەبووە بۆ سازش، بەڵکو باوەڕ و پەیمانێکە لە ئەستۆمان و ئەمانەتێکی ئایینییە".
ئەو گرووپە چەکدارانە جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە زیاتر پەرە بە توانا سەربازیی و ئەمنییەکانیان دەدەن، ھاوکات بەپێی زانیارییەکان دوو گرووپی دیکەی چەکدار کە بریتیین لە کەتائیبی سەیدوشوھەدا و بزووتنەوەی ئەنساڕوڵڵای ئەوفیا ئامادەن لە ژێر فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن.
ئێستا چەککردنی گرووپە چەکدارەکان لە عێڕاق، بە بنەغایەکی گرنگ لەقەڵەم دەدرێت بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی بەھێز کە بتواندرێت سەروەریی ئەو وڵاتە بپارێزرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری بەرگریی پێشووی عێراق، سابت عەباسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاندبوو: "سنووردارکردنی چەک تەنھا لە دەستی دەوڵەت تەنھا ھەڵبژاردنێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئەو پرسە مافێکی دەستوورییە و بناغەیەکی گرنگە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی بەھێز کە بتوانێت سەروەریی خۆی بپارێزێت".
ھاوکات لە دوایین کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەنجامدرا، تیشکخرایە سەر ئەوەی کە دوای ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ، ھەر گرووپێکی چەکداریی لە عێڕاق، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
شڕۆڤەکاری سیاسی، ئاشنا بابان باسی ھەڵسەنگاندنی بۆ بڕیارەکەی حکوومەتی عێڕاق لەبارەی چەککردنی گرووپە چەکدارەکان کرد و بە پرسێکی گرنگی لە قەڵەمدا و گوتی: "ئەو پڕسە بۆ عێراق زۆر گرنگە و ھەموو جیھان ئێستا چاوی لەسەر ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراقە لەوەی ئایا دەتوانێت گرووپە چەکدارەکان چەک بکات یان نا، چونکە ئەمە بڕیارێکی قورسە و ئەو بڕیارە پێویستی بە بنەمایەکی یاسایی، ئیداریی، ئەمنیی و تەکنیکی هەیە، بەتایبەتیش کە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت کردووە و بەشێکی دیکەشیان ڕەتیانکردووەتەوە کە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن".
ئاشنا بابان گوتیشی: "ئەگەری ھەیە ئەو گرووپە چەکدارانەی کە ڕەتیدەکەنەوە چەک دابنێن، ئەوا بەشێوەیەکی کاتیی چەک دابنێن، بەڵام ئایا ھیچ گرەنتییەک ھەیە کە ئەو گرووپانە لە دواییدا بەناوێکی دیکە دەرنەکەونەوە، جگە لەوەش ئەو گرووپانە ئەجێندایان ھەیە، ھەروەھا پاڵپشتی داراییش دەکرێن، ھەر چەندە جێبەجێکردنی بڕیارەکە قورسە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکەم تا ڕادەیەک بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، ئەگەر ئەمریکا شکست بە ئێران بھێنێت ئەوا گرووپە چەکدارەکانیش لە عێراق کۆتاییان پێ دێت، چونکە ھەمووان دەزانین ئەو گرووپە چەکدارانە سەربە ئێرانن و لە ماوەکانی ڕابردووشدا بۆ چەندین جار دڕۆنیان ئاراستەی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو کردووە".
ئەو شڕۆڤەکارە سیاسییە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە لەیاسا دەرچوو پێناسە دەکات و لەمبارەیەوە گوتی: "لە عێڕاق سوپایەکی فەرمی ھەیە، بەڵام گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەی یاسا چالاکی ئەنجام دەدەن، جگە لەوەش ئەو گرووپە چەکدارانە بوونەتە کێشە بۆ سەر سەروەریی عێراق، بەتایبەتیش لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ھەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ھێرش دەکەنە سەر سعوودیە".
سەبارەت بەوەی کە ئایا بڕیاری چەککردنی گرووپە چەکدارەکان تا چەند بڕیارێکی سەربەخۆی حکوومەتی عێڕاقە و تا چەند فشاری ئەمریکا و ھاوپەیمانان کاریگەرییان لەسەر ئەم بڕیارە ھەیە، شڕۆڤەکاری سیاسی، ئاشنا بابان، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمیی فشار لەسەر بڕیارەکەی حکوومەتی عێڕاق لەبارەی چەککردنی گرووپە چەکدارەکان ھەیە، بەتایبەتیش ئەمریکا کاریگەریی زۆری لەبارەی ئەو پرسەوە ھەیە گوتی: "ھەمیشە ئەمریکا، وەک وڵاتێکی مەترسیدار و داگیرکار لای گرووپە چەکدارەکان وێناکراوە، بۆیە ئێستا گرووپە چەکدارەکان چوونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکایان لە عێڕاق کردووەتە دروشمی خۆیان بۆ دانانی چەکەکانیان".
ئاشنا بابان پێوایە کە گرووپە چەکدارەکان ھۆکارن بۆ دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار لەمبارەیەوە گوتی: "بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار پەیوەستدارە بە گرووپە چەکدارەکان، چونکە دۆلارەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەنێردرا بۆ ئێران و ئەوەش کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری عێراق دروست کردبوو".
ئەوە شڕۆڤەکارە سیاسییە لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بەردەوامن لە ھەڕەشە و ھێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەی کەنداو؟ ئایا مەبەستیان فشارخستنە سەر حکوومەتی عێڕاقە، یان ھۆکار و ئامانجی دیکەیان ھەیە؟، ناوبراو گوتی: "ئەو پرسە بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان کاردانەوەی گرووپە چەکدارەکانە بەرامبەر بە بڕیارەکەی عەلی زەیدی و ھۆکاری دووەمیش ئەوەیە گرووپە چەکدارەکان بەو ڕێگایە ھەوڵی مانەوەی خۆیان دەدەن".
شڕۆڤەکاری سیاسی، ئاشنا بابان لەبارەی ڕۆڵ و ھەڵوێستی ئێران لە ھەمبەر بڕیارەکانی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، گوتی: " ھەژموونی ئێران بە ڕوونی لە عێراق دیارە، تەنانەت گرووپە چەکدارەکان لە عێڕاق لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی و ئاراستە دەکرێن".
ھەروەھا ئاشنا بابان لەبارەی ئەوەی کە حکوومەتی عێراق کۆتایی مانگی ئەیلوولی وەک وادەی کۆتایی بۆ ڕادەستکردنی چەک دیاریکردووە، گوتی: "بەپێی بڕیارەکە دەبێت گرووپە چەکدارەکان تا کۆتایی مانگی ئەیلوول چەکەکانیان دابنێن، بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووی نەدا، ئەوا ئەگەری ھەیە شەڕی ناوخۆیی لە عێڕاق ڕووبدات، چونکە لەوباوەڕدانیم گرووپە چەکدارەکان بە ئاسانی دەستبەرداری چەکەکانیان بن و ھیچ دوور نییە گرووپەکان لەلایەن حکوومەتی عێڕاقەوە بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، ئەگەر ھاتوو تا کۆتایی مانگی ئەیلوول چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت نەکەن، یان ئەگەر ئەو جەنگە بە شکاندنی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە کۆتایی پێ بێت، ئەوا گرووپە چەکدارەکانیش لە عێڕاق بێھێز دەبن و ناچار دەبن چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن".
بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکایان لە عێراق کردووەتە مەرجی سەرەکی بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان و ڕوون نیە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، ئەو مەرجە لە ڕاستیدا جێبەجێ دەکرێت یان نا، لەمبارەیەوە شڕۆڤەکاری سیاسی، ئاشنا بابان گوتی: "ھەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی عێراق، گرووپە چەکدارەکان بەردەوام داوایان کردووە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بڕۆنە دەرەوە، بەڵام بینیمان لە ساڵی ٢٠١١ کاتێک ھێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق کشانەوە دواتر بەچ شێوازێک دووبارە گەڕانەوە، لەو باوەڕەدانیم ئەمریکا بە ئاسانی دەست لە عێڕاق ھەڵبگرێت، جگە لەوەش بوونی گرووپە چەکدارەکان و لەدەستدانی سەروەریی عێڕاق، ھۆکارەکەی دەستوەردانی ئێرانە، چونکە پێشتر لەگەڵ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق، گرووپە چەکدارەکان سەریان ھەڵدا و ھەژموونی ئێران لە عێڕاق ھاتەئاوارەوە، بۆیە ئەگەر ئەمریکا لە عێڕاق بڕوات، دووبارە بەشێوازێکی دیکە دەگەڕێتەوە".
ئێستا حکوومەتەکەی عەلی زەیدی لەبەردەم دوو بژاردەی سەختدایە، یان دەبێت گرووپە چەکدارەکان چەک بکات تاکو بتوانێت وەبەرھێنەران و کۆمپانیا جیھانییەکان بۆ عێڕاق ڕابکێشێت، یان دەبێت ببێتە بەشێک لەو گرژییەی کە لە ناوچەکەدا ھەیە.
news_share_descriptionsubscription_contact
