Rawan Subhi Obaidullah
14 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2022
دھۆک - AA
به ئامادهبوونى وهزيرى شارهوانى و گهشتوگوزار لە حكوومهتى ههرێمى كوردستان و لهسهر ئهركى كۆنسولخانهى گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمريكا لە هەولێر، ئهمڕۆ گرێبەستى نوژهنكردنهوهى كنێستی حزقيال لە گوندی شووش سەربە قهزاى ئاكرێ لە پارێزگای دهۆک به گوژمهى ٥٠٠ ههزار دۆلار واژوو كرا.

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دھۆک، بێکەس بریفکانی بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ رایگەیاند "ئەمڕۆ ١٤ ئابی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ساسان عەونی ھەروەھا کۆنسولی گشتیی ئەمەریکا لە ھەولێر بە وەکالەت ئێلا بێکێسی، گڕێبەستی نوژەنکردنەوەی کنێستی حزقیال بە گوژمەی ٥٠٠ ھەزار دۆلار واژوو کرا کە بە ھاوکاری و ھەماھەنگی رێکخراوی "GAME ART"ی کۆماری چیک و بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری پارێزگای دھۆک و ئاکرێ پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت.
بێکەس بریفکانی ئاماژەی بەوەش دا کە لە ساڵی ٢٠٢٠ پلانیان بۆ پڕۆژەکە دانابوو و گوتی: "وەکو قۆناغی یەکەم دەست بە دروستکردنی پارێکی رووحانی ئایینە کۆنەکان دەکرێت لە شووش کە ببیتە شوێنێکی گەشتوگوزاری و پەرستگاکانی ناوچەکە پارێزراو بن و شارستانییەتی ناوچەکە پێشانی جیھان بدەین".
گوندی شووش دەکەوێتە سنووری قەزای ئاکرێ، چەندین شوێنەواری ھەیە کە پەرستگای ئایینەکانی سەردەمانی کون وەکو میترائی، زەردەشتی، جوولەکە و مەسیحی و موسڵمان و کنێستی شووش نزیکە لە شوێنی پەرستگاکان و بەپێی قسەی بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دھۆک ئەمە مانای ئەوە دەگەینێت کە ئەم شوێنە لە رووی پێکەوەژیانی ئایینی گرنگی خۆی ھەبووە.
ژمارەیەک لە سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە جوولەکەکان لە سەدەی ھەشتی پێش زایین لەلایەن شا شلمەنسەری سێیەمی ئاشووری ھێنراوەنەتە ناوچەکە و تاوەکو ساڵی ١٨٨٤زایینی نزیکەی ٥٠ جوولەکە لە گوندی شووش دەژیان، بەڵام لە ساڵی ١٩١٥ ژمارەیەکی کەم لە ناوچەکە مابوون و دواتر ئەوانیش بەرەو ئیسرائیل کۆچیان کرد.