Şener Toktaş
24 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2021
بەدلیس - AA
لە پارێزگای بەدلیس کە وەرزی زستان تیایدا بە سەختی تێدەپەڕێت، ئاژەڵداران بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان لەم وەرزەدا، لە بەرزاییەکانەوە بە خلیسکێنە ئەو گەڵایانە دەهێننە خوارەوە کە لە وەرزی هاویندا بۆ ئێستا هەڵیانگرتووە.
لە گوندی دەغیرمەنئاڵتی سەربە ناوەندی پارێزگاکە، ئاژەڵداران لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا کۆدەبنەوە و، بەیەکەوە روو لە شاخە بەرزەکان دەکەن بۆ هێنانەوەی گەڵا بۆ ئاژەڵەکانیان.
ئاژەڵداران کە لەم وەرزەدا ناوچەکەیان بە بەفر داپۆشراوە، لە بەرزاییەکانەوە بە خلیسکێنە گەڵاکان لە قەدباڵ و شیوەکاندا دەهێننە خوارەوە و، بە زەحمەتێکی زۆر و و بە کۆڵ دەیگەیەننە گوندەکە.
دوای ئەوەی گەڵاکان دەرخواردی ئاژەڵەکانیان دەدەن، ئاژەڵداران لقی دارەکانیش بۆ سووتان بەکار دەهێنن.
یەکێک لە ئاژەڵداران بەناوی رۆستەم بۆزکورت، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە ئەو گەڵایانەی لە وەرزی هاویندا کردوویانن، لە وەرزی زستاندا لە پاش بارینی بەفر بە خلیسکێنە لە بەرزاییەکانەوە دەهێننە خوارەوە.
گوتیشی: ''بۆ ئەوەی بە ئاسانی گەڵاکان بهێنینەوە، کاتەکانی بەیانی زوو روو دەکەینە چیاکان، کاتێک بەفرەکە رەقە کەمتر ناڕەحەت دەبین لە هێنانەوەیدا، نزیکەی ٦٠ ئاژەڵی بچووکم هەیە. کارەکەمان قورسە بەڵام ناچارین. ئەگەر گەڵایان بۆ نەهێنین ئاژەڵەکانمان برسی دەمێنن، دوای ئەوەی ئاژەڵەکان گەڵاکانیان خوارد لقەکان بۆ سووتان بەکار دەهێنین''.