Heman Husseın Yaseen
28 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2020
هەولێر- AA
کۆتایی هەفتەی رابردوو بەهۆی بەفربارینەوە لە شارەدێی حاجی ئۆمەرانی سەربە قەزای چۆمان سنووری پارێزگای هەولێر ماوەی دوو رۆژ رێگای هاتوچۆی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران گیرا و لەئێستاشدا جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستی پێکردووەتەوە، هەرچەندە هەوڵماندا لەگەڵ چەند شوفێرێکی بارهەڵگر کە لەوڵاتی ئێرانەوە هاتبوون قسە بکەین بەڵام بە پاساوی نەبوونی کات هیچ لێدوانێکیان لەسەر هاتوچۆ و دۆخی رێگاکان نەدا.

بەگوتەی سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای حاجی ئۆمەران، مەسعود باتلی لەئێستادا جموجۆڵی بازرگانی دەستی پێکردووەتەوە و تیمەکانی شارەوانی رێگاکانیان پاککردووەتەوە.

بەفربارینەکەی شارەدێی حاجی ئۆمەران و دەوروبەری، رێگاکانی ھاتوچۆکردنی لە سنووری پیرانشاری وڵاتی ئێران و شارەدێی حاجی ئۆمەرانی سەربە قەزای چۆمانی بۆ ماوەی دوو رۆژ داخست و بەفر رێگاکانی لە سنووری ئەو شارەدێیە داپۆشی و دەرگای قوتابخانەکانیشی داخست.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە نزمترین پلەی گەرما لە سنووری حاجی ئۆمەران ٧ پلەی ژێر سفرە، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەفرگرەی ماڵەکان ٤ بۆ ٥ پلەی ژێر سفرەوەیە.

تا ئەمڕۆش بەشێک لە کۆڵان و بەر دەرگای ماڵەکان لە بەفر پاکنەکراوەتەوە و هاووڵاتییان خەریکی راماڵینی بەفری کەڵەکەبووی بەر دەرگای ماڵ و کۆڵانەکانن، هاووڵاتییان لە دەرەوەی ماڵەکانییان نابیندرێن بەهۆی سەرما و سۆڵەوە لەژوورەوەن، هەروەها ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکانە کە بەهۆی بەفربارینەوە دەوامی قوتابخانەکان راگیرابوون.

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران یەکێکە لەو دەروازە گرنگانەی کە بەشێکی زۆری بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران لە رێگەی ئەو دەروازەوە ئەنجام دەدرێت و سەرەکیترین دەروازەی سەرسنووریی ھەرێمی کوردستانە لەگەڵ وڵاتی ئێران.

حاجی ئۆمەران دەکەوێتە سنووری قەزای چۆمان و ھاوسنوورە لە گەڵ وڵاتی ئیران، ١٨٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی ھەولێرەوە دوورە.