Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2019
سلێمانی ـ AA
ئەم هاوینەهەوارە دەكەوێتە ناوچەیەكی كوێستانی لە دامێنی چیای سەكران لە نزیك قەزای چۆمان لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە هۆی هەڵكەوتەی جوگرافی ناوچەكە و زۆری بەفر بارین تیایدا كە بە درێژایی وەرزی هاوین دەمێنێتەوە، وای كردووە ببێتە هاوینەهەوارێكی دڵرفێن و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار سەردانی بكەن.

لەئێستادا كە پلەکانی گەرما گەیشتووەتە پلەیەكی بەرز و لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان لە سەروو 45 پلەی سیلیزییەوەیە و هاووڵاتییان بەدەست بەرزی پلەی گەرماوە هەراسان بوون، بەڵام لەم ناوچەیەدا تا ئێستا بەفر ماوە و نزمترین پلەی گەرمی هەیە بە بەراورد بە ناوچەكانی تری هەرێم.

چیای بڵند و بەفر و ئەو ئاوە سازگارەی بە هۆی توانەوەی بەفرەكەوە بە ناوچەكەدا دەڕوات و هاژەی دێت، دیمەنێكی زۆر ناوازە و جوانی بەم هاوینەهەوارە بەخشیوە و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە سەردانی دەكەن.

بەڵام ئەوەی دانیشتوانی ناوچەكە و گەشتیارانیشی نیگەران كردووە، سەختی رێگای گەیشتن بە هاوینەهەوارەكەیە كە بۆ گەیشتن بەسەرەوە پێویستە ماوەیەكی زۆر بە پیادە رێگا ببڕن، بۆیە داوا لە حكوومەت دەكەن خزمەتگوزاری بگەیەنێتە هاوینەهەوارەكە و رێگای هاتوچۆ بۆ پرژێ ئاسان بكات.