Salim Xemexan
24 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2017
ھەڵەبجە - AA
بەڕێوەبەری ناوەندی حەوت رەنگە بەختیار سەعید لەبارەی پێشانگاکەوە بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ناوەندی حەوت رەنگە بیری لەوە کردووەتەوە کە ھەموو چالاکییە ھونەرییەکان لەناوشارە گەورەکاندا قەتیس نەکات، بەڵکو ببرێتە شارەکانی تر و کاری شارەکانی تریش بباتە سەنتەری شارەگەورەکان، ئەمەش بەئامانجی دروستکردنی پەیوەندییەکی ھونەریی و کۆمەڵایەتی پتەو لەنێوان شارەکاندا، ئەم پێشانگایەش تایبەتە بە کاریکاتێر و لەرۆژی ١ی نیسان لەسلێمانی تایبەت بەرۆژی درۆی جیھانی کردمانەوە، بەخۆشحاڵییەوە بینەرێکی باشی ھەبوو، دواتریش بردمانە شاری کەلار و ئەمرۆش ھێناومانەتە ھەڵەبجە".
گوتیشی: "لەپێشانگاکەدا ١٥ ھونەرمەندی کاریکاتێریستی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ھەریەکەیان بە چوار تابلۆ بەشداریان کردووە و بابەتی سەرەکی ناو پێشانگاکەش قەیرانەکانە، ئەو قەیرانانەی کە بەرۆکی خەڵکی گرتووە و ژیانی تاڵ کردوون و بەرەو دواوە گەڕاندوونیەتەوە، ھونەرمەندەکان زۆر بەسەلیقە و جوانی توانیویانە گوزارشت لەو نەھامەتیانە بکەن، ھیوادارم توانیبێتمان لەڕێگەی ئەم پێشانگایەوە، ئەو خەمانەمان بەشێوەیەکی تەنز ئامێز خستبێتە روو تا ھۆکارێک بێت بۆئەوەی لەماوەیەکی نزیکدا ئەو کێشانە چارەسەریان بۆبدۆزرێتەوە".
ناوەندی حەوت رەنگە ناوەندێکی ھونەریی کولتوورییە و ماوەی ساڵێک و سێ مانگە لەسلێمانی دامەزراوە و لەو ماوەیەدا توانیویەتی ٢٤ پێشانگای تایبەت و ھاوبەش بۆھونەرمەندان بکاتەوە لەشارە جیاوازەکانی کوردستاندا، لەپاڵ کارکردن بۆلایەنە کولتوورییەکە کە دروستکردنی سیما بۆکەسایەتییە دیارەکانی شارە و شارۆچکەکان بۆئەوەی بتوانرێت ئیبراز بکرێن و بەخەڵکی بناسێنرێن، لەگەڵ ناساندنی سونبولە جیاوازەکانی شارەکاندا، بەفۆتۆ یان کارت یان مەدالیا یان پەیکەر.
نووسەر و رۆشنبیر ھومایۆن ساحیب کە پێشانگاکەی کردەوە دەربارەی پێشانگاکە و رۆڵی کاریکاتێر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ئەو کاتەی کۆمەڵگە بەھیلاکدا دەڕوات و نائومێد دەبێت لەدیاردە راستەوخۆکان، پەنا دەباتەوە بەر رۆحی نوکتە و تەنز و فشقیات کە لەناوخودی خۆیدا جیدیاتێکی مەعقول لەپشتی ئەو ناجیدی بوونەوە ھەیە، بەجۆرێک ئەگەر بەنوکتەی بشوبھێنین، کاتێک من دەسەڵاتێکی راستەوخۆم ناشکێت بەسەر کەسێک یان ھێز و لایەنێکدا کە رەخنەی بکەم یان ھەوڵی چاککردنی بدەم، پەنا دەبە بەر کاریکاتێر یان تەنز و نوکتە، بۆیە بێگومان کردنەوەی ئەم پێشانگایە، لەرۆژێکی وەک ئەمرۆدا کە رۆحی کۆمەڵگا ھیلاکە و لەبابەتە جیدییەکان و کۆبوونەوە و شەقامدا لەقسەکردن لەسەر بابەتەکان ماندوو بووە، لێرە بەکاریکاتێر زۆربەی کێشەکان پیشاندراون، کاریگەری گەورەی دەبێت و ھیچ نەبێت دەبێتە مایەی دروستکردنی تێڕامان بۆ ئێمە کە شێواز و زمانی جیا جیا بۆدەربڕینەکانمان بدۆزینەوە".