Şenhan Bolelli
12 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2020
مەدرید- AA
وەزارەتی تەندروستیی ئیسپانیا، دوایین ئاماری توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی راگەیاند.
بەپێی ئامارەکان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦١٩ کەس بە (COVID-19) گیانیان لەدەستداوە، ئەمە لە کاتێکدا دوێنێ ئەو ژمارەیە ٥١٠ کەس بووە، تا ئێستاش ١٦ هەزار و ٩٧٢ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەکی دیکەشەوە چوار هەزار و ١٦٧ حاڵەتی نوێ تۆمارکراون و ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە گەیشتوەتە، ١٦٦ هەزار و ١٩ کەس.
هەروەها لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، سێ هەزار و ٢٨٢ کەس چاکبوونەتەوە و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لەو وڵاتە چاکبوونەتەوە گەیشتە ٦٢ هەزار و ٣٩١ کەس.
لای خۆشیەوە وەزیری بازرگانی، گەشتوگوزار و پیشەسازی ئیسپانیا رەیس مارۆتۆ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "ئێل پایس" رایگەیاند "تا ئەو کاتەی کە پێکوتەی تەواوەتی نەدۆزرێتەوە بۆ ڤایرۆسەکە، هیچ شتێک وەک جارانی لێ نایەتەوە. تا ئەو کاتەش هەموو چالاکییە جەماوەرییەکان سنووردار دەکرێن. ناتوانین وەک جاران بچین بۆ بازاڕ و لە قۆناغێکداین کە دەبێت لە هەموو شوێنێک تەنانەت لە کەنار دەریاکانیش دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی بپارێزین".
رەیس مارۆتۆ جەختی لەوەش کردەوە کە بەهۆی کۆرۆناوە چارەنووسی تەواوی کەرتەکان نادیارە، هەروەها لەبارەی بڕیاری کرانەوەی سنوورەکان و فڕۆکەخانەکانەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پرسە پەیوەستە بە رەوشی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا.