Sarmand Hameed
01 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی لە پارێزگای ھەولێر راگەیاند.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان و تووشبووان، یەك تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە پارێزگای ھەولێر دەستنیشانکرا.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تووشبووەکە ئافرەتێکی تەمەن ٤٩ ساڵە و نیشانەی نەخۆشییەکەی ھەبووە و پشکنینی بۆ کراوە و ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ دەرچووە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە تووشبووەکە دانیشتووی گەڕەکی مەنتکاوەیە لە شاری ھەولێر.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە ٢٨٢ تووشبوو، لەنێویاندا یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووە و ٢٢٨ نەخۆشیش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەتەوە و لە ئێستادا ٥٣ تووشبوو لە پارێزگاکەدا لەژێر چاودێری پزیشکیدان.