Hawkar Yaseen
18 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوی رۆژانەی خۆیدا سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٦٤ کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ١٨١ تووشبوو، ١٧٧ لە هەولێر، ٧٩ لە سلێمانی، ١٥ لە گەرمیان، حەوت راپەڕین و پێنج لە هەڵەبجە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦٨٥ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە، زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ٢٢٨ کەس، ٢٢٠ کەس لە هەولێر، ١٥٦ کەس لە سلێمانی، ٤٥ کەس لە راپەڕین، ٢٦ کەس لە گەرمیان و ١٠ لە هەڵەبجە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٦ کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، پێنج کەس لە هەولێر، چوار لە سلێمانی، سێ لە دهۆک، دوو لە هەڵەبجە، یەک لە راپەڕین و کەسێکیش لە گەرمیان.
وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاندووە، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٤٦٤ هەزار و ٤٣٤ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە، ٣٧١ هەزار و ١١٥ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ٣٥٧ هەزار و ١٠٣ کەس چاکبوونەتەوە و حەوت هەزار و ٢٨٣ کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان، هەروەها تا ئێستا شەش هەزار و ٧٢٩ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.