İslam Doğru
16 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2019
نیویۆرک - AA
دوای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشێکەوە بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ، بەرهەمهێنانی نەوت راگیرابوو، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە یەک لەسەر سێی کار کردن لە دامەزراوەکە دەست پێبکاتەوە.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی بەرپرسانی سعوودیە توانیویانە دەستبکەنەوە بە بەرهەمهێنانی بەشێکی نەوت کە لە ئەنجامی هێرشێکدا وەستابوو، بەڵام بۆ ئەوەی بە تەواوی دەست بکەنەوە بە کارەکانیان، پێویستیان بە چەندین هەفتە هەیە.
بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکە توانای هەناردەکردنی ٥.٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی بڕیوە، کە ئەوەش قەیرانی دابینکردنی وزەی بۆ لەسەدا ٥ی جیهان درووست کردووە کە کاریگەری دروست دەکات لەسەر بازاڕی جیهانی نەوت.
بەرپرسی باڵای ئارامکۆی سعوودی ئەمین ناسر رایگەیاند کە بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی تەواوی نەوت کارەکانیان دەستپێکردووە و دووپاتی کردەوە کە دەرهێنانی ئەو رێژە نەوتە چەند هەفتەیەکی پێ دەچێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەئێستادا باس لەوە دەکرێت، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی بازاڕ، نەوتە کۆگاکراوەکانیان بیخەنە ڕوو.
پێشتر لە ساڵی ١٩٩٠دا دوای داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە، بازاڕی جیهانی رووبەڕووی بڕینی ٤ ملیۆن بەرمیل نەوت بوو لە رۆژێکدا.
- دەنگۆی بەکارهێنانی مووشەکی ئاسمانی لە جیاتی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە
لەم نێوەندەدا بەپێی هەواڵەکان پشتبەستوو بە بەرپرسانی ئەمریکی، ئاماژە بەوە دەکرێت هێرشەکەکان لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراوە و ئەگەری هەیە لەبری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان مووشەکی دوورهاوێژ بەکارهێنرابێت.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەداوە کە ١٩ خاڵیان دیاری کردووە کە لێیەوە هێرش کراوەتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعوودیە و بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە هێرشەکان بەشێکیان لەباشوورەوە لە یەمەن-ەوە هاتبن و لە رۆژئاوا یان باکووری رۆژئاواشەوە لە ئێران و عێراقەوە ئاراستە کرابن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ راستەوخۆ حکوومەتی ئێرانی بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە تۆمەتبار کرد و ئاشکرای کردبوو کە بەڵگە نییە هێرشەکان لە یەمەنەوە ئەنجام درابن، بەڵام داوای لە وڵاتان کرد کە بەڕوون و ئاشکرا ئیدانەی ئێران بکەن.
لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی تاران هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەکەنەوە کە ئاراستەی دەکرێن و ئاماژە بەوە دەکەن ئەوان ئامادەی جەنگن.
- هێرش بۆسەر کێڵگەکانی نەوتی ئارامکۆی سعوودی
کاتژمێر ٤:٠٠ی بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو هێرش کرایە سەر دوو کارگەی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی و بەهۆیەوە بەشێک لە هەناردەکردنی نەوتی سعوودیە راگیرا.