Ekrem Payan, Aziz Aslan
24 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2026
وەزیری بازرگانیی توركیا، عومهر بۆڵات دەروازەی سنووری خابور و گەراجی وەستانی بارهەڵگرهكانی نزیک قەزای سلۆپی لە پارێزگای شرناخ بهسهر كردهوه.
بۆڵات زانیاری لە پارێزگاری شرناخ، بیرۆل ئێکیجی لەبارەی کارەکان وەرگرت و، لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان باسی لهوه كرد دەروازەی سنووری خابور لە پێشەنگی گرنگترین دەروازەکانی هەناردەکردنی تورکیادایە.
بە ئاماژەکردن بەوەی دەروازەی سنووری خابور تەنیا دەروازەیەکی بازرگانیی دەرەوە نییە، بەڵکو دەروازەی هەناردەکردنیشە، بۆڵات ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە سێ ساڵ لەمەوبەر قەبارەی بازرگانیی دەرەوە لەگەڵ عێراقدا نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار بووە.

ههروهها بۆڵات ئاماژەی بهوه کرد لە قۆناغەکانی پەرەسەندنی گەورەی دوای پەتای کۆرۆنادا بازرگانیی دەرەوەی نێوان تورکیا و عێراق نزیکبووەتەوە لە ٢٠ ملیار دۆلار و، گوتی: "تا ساڵی ڕابردوو، کۆی گشتیی هەناردەکردنمان بۆ عێراق ١٤،٥ ملیار دۆلار بوو. لە ئێستادا حکوومەتێکی نوێ لە عێراق دامەزراوە. حکوومەتەکە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی دەستی بە کارەکانی کردووە، پشتیوان به خودا ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو وەک میوانی بەڕێز سەرکۆمار، سەردانێکی فەڕمی بۆ ئەنقەرە ئەنجام دەدەن. لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار کۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان شاندەکان و لە نێوان سەرکردەکاندا ئەنجام دەدرێن. کۆڕبەندی بازرگانیی لە نێوان بازرگاناندا ئەنجام دەدرێت. کۆبوونەوە و دیدارە كهرتیهكان و کۆبوونەوەکانی بەڵێندەرایەتی ئەنجام دەدرێن. ئەمە سەردانێکی زۆر گرنگە. پشتیوان به خودا قەبارەی بازرگانی لەم دەروازە سنوورییە مێژووییەی خابور کە ڕێگای ئاوریشمی پێدا تێدەپەڕێت لە باشووری ڕۆژهەڵاتماندا زیاتر بەرز دەبێتەوە".
ڕاشیگهیاند: "لەسەر ئەم خاکەی چەقی ناوچەی میزۆپۆتامیایە و لەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییانەی بازرگانییدا کە ڕێگای ئاوریشمی پێدا تێدەپەڕێت، پێشهاتی ئەرێنیی و نوێ هەن لەسەر ئاستی گەشەکردنی کەرتی بازرگانیی، گواستنەوەی وزە و لۆجستی. پشتیوان بهخودا ئەمانە دەبنە هۆی خێراکردنی بازرگانیی، وەبەرهێنان و یهكگرتنی ئابووریی لە نێوان وڵاتەکەمان و گەل و وڵاتانی برای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ڕێگای ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و وزهوە هاریکارییەکانمان لە بواری وزەدا خێرا دەکەین و بە ئومێدەوە له داهاتوو دەڕوانین".