Mazın Asad
25 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2016
مانیسا
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی: "لە گەورەبوون، گەشەسەندن و بەھێزبوونی تورکیا نیگەران دەبن. بۆیە زەمینەی تەبایی و سەقامگیری وڵاتەکەمان دەکەنە ئامانج. لە کاتی ئاساییدا بەھۆی ئایدۆلۆژیاوە پێویستە ئەو رێکخراوە تیرۆریستانە لە نێو شەڕوپێکداداندا بن لەگەڵ یەکتر، بەڵام ئەمڕۆ تورکیایان وەک ئامانجێکی ھاوبەش ھەڵبژاردووە. لە ٧ی حوزەیران دەرفەتی قۆناغی پێکھێنانی حکوومەتی کاتییان بۆ خۆیان قۆستەوە و بەھۆیەوە ویستیان تورکیا پەلکێشی پشێوی بکەن. بەڵام بە بوێری بەرامبەری وەستاین و گوتمان وڵات بێ خاوەن نییە".
داودئۆغڵو لە ھۆڵی موردایە سپۆر لە شارۆچکەی مودرایەی شاری مانیسا گوتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: "ھەندێک دەنگۆی نادروست بە ئەنقەست لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی ھەیە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی وەک سیاسەت دووبارە دەکرێتەوە. ئەرکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی پاڵپشتیکردنی بانگەشەی رەشی تیرۆرە یاخود پشتگیریکردنە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر؟ ئەم پرسیارە ئاراستەی بەڕێز کڵچدارئۆغڵو دەکەم و داوای وەڵامی لێ دەکەم".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە بە پێداگرییەوە بەرەنگاریی ھەموو جۆرە تیرۆرێک دەبنەوە و زیاتر گوتیشی: "تیرۆر هێزێکی زۆری وەرگرت و گشتمان ئازارمان چێشت. بە خوێنڕێژی و ھێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل ھەوڵ دەدەن زیان بە تورکیا بگەیەنن. ئێمە دەڵێین "ھەرگیز رێگە بە چۆک دانانی تورکیا نادەین و بە پێداگریی بەرەنگارییان دەبینەوە. لە ٢٣ی تەمووز کاتێک رێنماییمان دا بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی پەکەکە، داعش و دھکپج، ئێمەیان کردە ئامانج. تاوەکو ھەر شارێک، شارۆچکەیەک، گوند و چیا و دۆڵ و رووبارەکانی ئەم دەوڵەتە مەزنە لە تیرۆریستان پاک دەکرێتەوە ناوەستین. ئەمە رێککەوتنمانە لەگەڵ گەل. سەبر و پێداگریی ئێمەیان تاقیکردەوە. ئیتر بینیان و دەبینن کە ئێمە تاوەکو دواھەناسەمان بە پێداگری پارێزگاری لە ھەر بەردێکی وڵات دەکەین".
داودئۆغڵو ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە لە سەردانەکەی بۆ ماردین، سلۆپی، بینگۆل و وان بە دیداری ھاووڵاتییان شادبووەتەوە و راشیگەیاند بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئومێدی ئایندەی ھاووڵاتییانی کوردی لە ناوچەکە پتر کردووە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا روونیشی کردەوە کە سەردانی ھەموو شوێنێکی تورکیا دەکەن و بۆ ھەماھەنگی لە نێوان هەموو لایەنێک وەک پردێک رۆڵ دەگێرن.